رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، جەخت لە پاراستنی مافی نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا دەکاتەوە، هاوکات وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش رێنوێنیی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش لە نەخۆشخانەکان دەردەکات، بەتایبەتی لە کاتی فریاکەوتندا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە چوارچێوەی نەخشەڕێگایەکی جیهانیدا، پشتیوانیی پێشکێش بە سیستمە تەندروستییەکانی وڵاتان دەکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی نەخۆش.
بەپێی رێکخراوەکە، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مافی نەخۆش، جیاکاری نەکردنە لەنێوان نەخۆشەکان و رەتنەکردنەوەی مافی چارەسەرە بۆ هیچ کەسێک.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، پەرلەمانی کوردستان، لە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2020دا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە "مامهڵهكردن به یهك پێوهر و بهبێ جیاكاریی لهگهڵ سهرجهم نهخۆشهكاندا، بهشێوهیهكی یهكسان و دادپهروهرانه بێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند، پێویستە هەر نەخۆشێکی فریاکەوتن وەربگیرێت و هەموو چارەسەرێکی پێویستی بۆ بکرێت، دوای ئەوەی بارودۆخی تەندروستیی جێگیر بووەوە، ئینجا رێکارە کارگێڕی و داراییەکانی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.


.png&w=3840&q=75)
