رووداو - تەندروستی
ئەم ساڵ لە 10 وڵاتدا ژەهراویبوونی هێلکە بە بەکتریای سالمۆنێلا روویداوە. بەرپرسی تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیێنێت، لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ ژەهراویبوونێکی هێلکە و بەروبوومی پەلەوەری بە بەکتریا تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2026 د. فەرەیدوون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، جەختی تەواو لە کواڵیتیی گۆشتی پەلەوەر و ئاژەڵەکان دەکرێتەوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتی تەندروستی و ڤێتێرنەرییەوە پێش ئەوەی رەوانەی بازاڕ بکرێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت.
کۆتایی هەفتەی رابردوو لە دهۆک تووشبوویەکی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا؛ بووە سێ تووشبووی نەخۆشییەکە لەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان. د. فەرەیدوون حەمەد لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت: ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لای هاونیشتمانییان بایەخێکی زۆری هەیە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکە، بەتایبەت سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە فەرمییەکان.
د. فەرەیدوون ئەوەش باس دەکات، بەهۆی هەڵمەتە فراوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون، رێگرییەکی زۆر کراوە لە بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەتایبەت رشاندن، پاکژکردن و دەرزیلێدان بۆ ئاژەڵان و شوێنەکانیان.
لە سەرەتای مانگی چوارەوە تاوەکو ئێستا (6965) ئاژەڵدار هۆشیار کراونەتەوە لە هەزار و 181 گوند. (906 هەزار و 516) سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک رشێندراون کە زۆرینەیان مەڕ بوون. حەوت هەزار و 920 هۆڵی مانەوەی ئاژەڵیش بەهەمان شێوە رشێندراون، دەرزی بۆ 155 هەزار و 846 ئاژەڵ کراوە.
وەرزی هاوین، وەرزێکی هەستیارە بۆ تووشبوونی پەلەوەر و بەروبوومەکان بە بەکتریا
دەستەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا نزیکەی 1.6 ملیۆن کارتۆنی هێلکەی بە ئەگەری پیسبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا کشاندنەوە. ئەمە ئەو جۆرە بەکتریایەیە کە دەبێتە هۆی گرانەتا.
بەرزکردنەوەی پۆلێنی مەترسییەکە لەلایەن دەستەی خۆراک و دەرمانەوە دوای سێ هەفتە دێت لەوەی کۆمپانیای میدوێست بۆ بەروبوومی پەلەوەری دەستیکرد بە کشاندنەوەی نزیکەی 19 ملیۆن هێلکەی تووشبوو، ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیاکە کە لە 22ـی تەممووز لە ماڵپەڕی دەستەی خۆراک و دەرماندا بڵاوکرایەوە.
بەپێی دەزگاکە نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا ئەمانەن؛
تا
سکچوون
دڵتێکهەڵاتن
رشانەوە
سکئێشە



