رووداو - تەندروستی
تووشبووانی نەخۆشیی لاسەرئێشە ''شەقیقە'' کاریگەرییان بۆ رووناکیی زۆر دروستدەبێت و زۆرجار ئازاری نەخۆشییەکەیان پێ تووند دەبێت، لە ئەمریکا جۆرێکی گڵۆپ دروستکراوە کە رووناکییەکی ئاسایی لێوە دەردەچێت و کێشە بۆ تووشبووانی لاسەرئێشە و تەنانەت تووشبووانی جۆرەکانی دیکەی سەرئێشەش دروستناکات.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا ئاماژە بە بژاردەیەکی کرداری دەکات کە پێشوەختە لە نۆرینگەی پزیشکدا بەکاردەهێندرێت، رووناکییەکی سپی دەوڵەمەندکراو بە رەنگی سەوز کە وەکو رووناکییەکی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام دەتوانێت ناڕەحەتی بینین و تووندیی سەرئێشە بۆ ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە، کەم بکاتەوە.
نینا شارپ، داهێنەرێکی بیرۆکەی دانانی گڵۆپەکەیە لە سکووڵی دیزاین لە زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە ئایا رووناکیی سپی دەوڵەمەندکراو بە رەنگی سەوز دەتوانێت چارەسەرێکی رووناکتر پێشکێش بکات؟ بۆی دەرکەوتووە، رووناکی سەوز لەوانەیە بۆ ئەو کەسانەی لاسەرئێشەیان هەیە ئاسانتر بێت بۆ بەرگەگرتن، لە هەمان کاتدا تەکنەلۆژیاکە بۆ بەکارهێنان لە ماڵان، کلینیکەکان، نووسینگەکان و شوێنە رۆژانەکانی دیکە بەکاردێت.
نینا شارپ دەڵێت: شەبەنگی رووناکیی سپی بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر توندیی سەرئێشەی تووشبووانی لاسەرئێشە هەیە، لەگەڵ هەندێک شەبەنگدا، لە راستیدا توندیی سەرئێشەکە دوای تەنیا 10 خولەک بەرکەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
یەکەم بەکارهێنانی کلینیکی سیستمی رووناککردنەوەکە لە سەنتەری سەرئێشەی د. بۆندی لە فاونتەین هیڵز لە ویلایەتەکەیە کە تێیدا برۆکلین بۆندی، پزیشکی پسپۆڕی دەمار و سەرئێشە، رووناکییەکان لە شوێنەکانی چاودێریکردنی نەخۆشدا بەکاردەهێنێت.
ئەمەش بزانە؛ بەهۆی هەستیارییان بە رووناکی و ترس لەوەی کە ئازارەکەیان پێی زیاد بکات، 92٪ـی تووشبووانی لاسەرئێشە پەنا بۆ مانەوە لە تاریکی دەبەن.



