رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی گەورە لە چین کە بە توێژینەوەی توێژینەوەکان دادەنرێت دەریدەخات خواردنی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان پەیوەندییان بە 25 گرفتی تەندروستییەوە هەیە.
توێژینەوەکەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی جێجیانگ لە چین، کە تێیدا بەراوردی 43 توێژینەوەی پێشووتر کراوە، دەرکەوتووە دوو لەو گرفتە تەندروستییانەی بە بەڵگەی باوەڕپێکراو پەیوەستن بەم جۆرە خۆراکانەوە، بریتین لە: خراپبوونی فرمانی گورچیلەکان و هەناسەتەنگی لە منداڵان و هەرزەکاراندا.
زانکۆ چینییەکە ئاماژە بەوەدەکات پەیوەندییەکی "زۆر بەهێز" لەنێوان خواردنی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان و تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی، خەمۆکی و تێکچوونە دەروونییە باوەکاندا هەیە.
توێژینەوە گەورەکەی چین ئاماژە بەوەدەکات، خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان بەهۆی دەوڵەمەندبوونیان بە کالۆری، شەکر و چەوریی زیادکراو، هەروەها کەمیی مادە خۆراکییە بەسوودەکان، دەبنە هۆی زیادبوونی کێش و هاندانی زۆرخۆری.
زانکۆ چینییەکە ئاشکرای دەکات، مادە کیمیاییەکانی وەک بیسفینۆڵ ئەی، کە لە پاکەتکردنی ئەم خۆراکانەدا بەکاردێن، لەگەڵ مادە زیادکراوەکانی وەک شیرینکەری ئەسپارتام، رەنگە رۆڵیان هەبێت لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و خەمۆکی.



.png&w=3840&q=75)