رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، خواردنی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 .
زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، زیادبوونی بڕی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان بە رێژەی 10% لە سیستمی خۆراکیدا، مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 بە رێژەی 17% زیاد دەکات.
توێژینەوەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، نزیکەی یەک لەسەر 10ـی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 بەهۆی خواردنەوە شەکرییەکانەوەیە، وەکو سۆدە،شەربەت و خواردنەوە گازییەکان.
زانکۆی کالیفۆڕنیا ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی رۆژانە نزیکەی 50 گرام گۆشتی زۆر دەستکاریکراو دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری 2 لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 15% زیاتر دەبێت.
لە کۆتاییدا د. یپینگ لی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، جێگرەوەی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان پێشنیاز دەکات و رێنوێنیی دەدات و دەڵێت: "لەبری خواردنەوە شەکرییەکان، ئاوی تێکەڵ بە میوە یان چای گیایی بخورێتەوە. لەبری شیرینی و خۆراکە سوێرەکان، میوەی فرێش یان چەرەسات بخورێت و لەبری ماستی شیرینکراو، ماستی ئاسایی لەگەڵ میوە و هەنگوین بخورێت".



.png&w=3840&q=75)