رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراک رایدەگەیێنێت، خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان لە بنەڕەتدا خۆراک نین،بەڵکو بەرهەمی پیشەسازین کە مادەی زیانبەخشیان بۆ زیاد کراوە و مادە گرنگەکانیان لێ دەرهێندراوە.
د. سیما سۆران، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم بەرهەمانە بە چەندین رێگەی کیمیایی و فیزیایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆ ئەوەی تەمەنیان درێژ بێت و تامیان خۆشتر بێت.
د. سیما سۆران دەڵێت، "جۆر و بڕی ئەو رۆنەی لە خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکاندایە ، زۆربەی کات چەوریی ترانسە،ئینجا چەوری ترانس چییە؟ ئێوە چەوری باش و خراپتان بیستووە، ئەمە خراپترین جۆری چەورییە، دەبێتە هۆی قەڵەوی، بەتایبەت قەڵەویی ناوچەی ورگ."
د. سیما سۆران ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کاربۆهیدراتەی لەم خۆراکانەدایە، ریشاڵی لێ کراوەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەکری خوێن بە خێرایی بەرز بکاتەوە.
بە گوتەی د. سیما سۆران، ئەم بەرهەمانە شەکرێکی سادەیان تێدایە کە وا دەکات مرۆڤ زووتر هەست بە برسێتی بکاتەوە و درەنگتر تێر بخوات. دەشڵێت، "ئەم خۆراکانە پێویستیان بە جووینێکی زۆر نییە، بۆیە بە خێرایی دەخورێن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە تێربوون دەکات."



