رووداو - تەندروستی
زانکۆی پزیشکی چین رایدەگەیێنێت، خواردنی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان مەترسیی جەڵتەی دڵ بە رێژەی 24% زیاد دەکات.
د. یانگ کوو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی پزیشکی چین رایگەیاند، توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 325 هەزار کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک بە رێژەی 24% بەرز دەکەنەوە، بە زیادبوونی هەر 10%یەک لە ژەمی رۆژانە، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ 6% زیاتر دەبێت.
زانکۆی ئوستوڕاڵیاش لەسەر ئەم بابەتە قسەی خۆیان هەیە
توێژینەوەیەکی د. ئانوشریا پانت پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا لەسەر 10 هەزار خانم ئەنجامدراوە و دەریخستووە، خواردنی بەردەوامی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە رێژەی 39% زیاد دەکات، بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیش مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
د. ئانوشریا پانت پێشنیاز دەکات، خۆراکی تەندروست هەڵبژێردرێت و پەنا بۆ ئەو خۆراکانە ببرێت کە دەوڵەمەندن بە سەوزە، میوە، ماسی و بەرهەمە سروشتییەکان.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمەڵەی دڵی بەریتانیا، مادە پارێزەرەکانی نێو خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان کاریگەریی خراپیان هەیە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ و چەوری لە خوێندا.



