رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی دڵ لە ئەورووپا هۆشداری دەدەن و رایدەگەیێنن، ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر لە خۆراکە زۆر دەستکاریکراو دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردن زیاترە.
کۆمەڵەی پزیشکانی دڵی ئەورووپا ئاماژە بەوەدەکەن، خواردنی زۆری خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 19%، جەڵتەی مێشک بە رێژەی 13% و مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە بە رێژەی 65% زیاد دەکات.
کۆمەڵەکە داوا لە پزیشکان دەکەن لەگەڵ نەخۆشەکانیاندا باسی زیانەکانی ئەم جۆرە خۆراکانە بکەن و رێنماییان بکەن بۆ کەمکردنەوەی خواردنیان.
پرۆفیسۆر د. لوایجینا گواستی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان، کە لە پێکهاتەی پیشەسازی و مادەی زیادکراو دروستکراون، تا رادەیەکی زۆر جێگەی خۆراکە ئاساییەکانیان گرتووەتەوە، ئەم خۆراکانە پەیوەندییان بە چەندین هۆکارەوە هەیە کە مەترسیی توشبوونن بە نەخۆشییەکانی دڵ، وەک قەڵەوی، شەکرە و بەرزیی پەستانی خوێن."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێژەی بەکارهێنانی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان لە ئەوروپا لە زیادبووندایە، لە 18% لە ئیتاڵیاوە دەستپێدەکات و لە بەریتانیا دەگاتە 54% و لە هۆڵەندا 61%.



