رووداو - تەندروستی
سەرۆکی ناوەندی نەخۆشییە دەگمەنەکانی کوردستان، رایدەگەیێنێت زیادبوونی شەکرە لەنێو منداڵان زۆر بووە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە شێوازی ژیانیان ناڕێکە و کاتێکی زۆر بە مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەسەردەبەن و خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان دەخۆن.
د. لانە ئەحمەد، پسپۆڕی هۆرمۆن و شەکرەی منداڵان و، سەرۆکی ناوەندی نەخۆشییە دەگمەنەکان لە کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رێژەی تووشبوونی منداڵان بە شەکرە لە سەرانسەری جیهاندا روو لە زیادبوونە و هەردوو جۆری شەکرەی 1 و 2 لەنێوان ئەم تەمەنەدا زیاتر دەبینرێن."
بەگوتەی د. لانە، شەکرەی جۆری 2 لە رابردوودا لەنێوان منداڵاندا کەمتر باو بوو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی قەڵەوی و کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی، ئێستا بووەتە گرفتێكی گەورە.
د. لانە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، خواردنی بەردەوامی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان، دەتوانێت مەترسیی قەڵەوی، بەرگریی ئەنسۆلین و زیندەچالاکیی جەستەیی زیاد بکات و ئەمەش پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی شەکرەی جۆری 2 لە منداڵاندا هەیە.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان لە شاری هەولێر، هەفتانە نزیکەی 4 بۆ 5 تووشبووی نوێی شەکرەی جۆری 1 تۆمار دەکرێن. هەروەها رۆژانە نزیکەی 1 بۆ 3 تووشبووی شەکرەی جۆری 1 کە پێشتر نەخۆشییەکەیان دەستنیشانکراوە، سەردانی بەشی فریاکەوتن دەکەن.
لە کۆتاییدا د. لانە، هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە ئەم بارودۆخە پێویستی بە سەرنجی زیاتر هەیە بۆ تەندروستیی منداڵان و نەوجەوانان، بەتایبەتی لە رووی خۆراکی تەندروست، چالاکیی جەستەیی و کەمکردنەوەی کاتی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
.png&w=3840&q=75)


