رووداو - تەندروستی
بەئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر دەستیپێکرد و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رایدەگەیێنێت، نۆژەنکردنەوەکان کاری جیدی و لەپێشینەن بۆ رەخساندنی باشترین ژینگەی خزمەتگوزاری بۆ نەخۆش.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-8-2026 د. نووڕجیهان عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەنگاوی جیدی و کردەیی کراوە و دەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی رزگاری کە ئامانجیانە ژینگەیەکی نایاب و پێداویستیی گونجاو بخەنە بەردەستی پزیشک و ستافی تەندروستیی نەخۆشخانە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
بەگوتەی د. نووڕجیهان عەلی، هەفتانە زیاتر لە 13 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن کە ئەمە دەکاتە نزیکەی زیاتر لە 2000 نەخۆشی رۆژانە. هەروەها داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، هاوکاری ستافی تەندروستی و پزیشکانی نەخۆشخانەکە بن لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و ژینگەی نێو نەخۆشخانە بپارێزن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری ئەوەی باس کرد، لە داهاتوودا وادەکەن کە هەر نەخۆشێک تەنیا یەک هاوەڵی لەگەڵدا بێت.
هەر ئەمڕۆ د. هەڤاڵ فارس، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر رایگەیاند، سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی (زانیاری و کارە کارگێڕییەکان لەگەڵ زانیاریی نەخۆش و کەلوپەلەکانی نێو نەخۆشخانەکە) بەردەوامە و لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا هەموو بەشەکان دەبنە ئەلیکترۆنی.
ئەو باسی هەنگاوەکانی سیستمەکەی کرد کە سێ مانگە نەخشەڕێژی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە دەکەن و لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەت بەو بوارە کراوە.


