رووداو - تەندروستی
لە رۆمانیا ڤیدیۆی پیاوێک دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە لە کلینیکێکی جوانکاریی ددانە و دوای ئەوەی کارەکەی تەواو دەبێت و ئەنجامەکانی دەبینێت، دەست بە گریان دەکات.
ئەوە لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، پیاوەکە بە دەست شێواوییە سکماکییەکانی ددانییەوە ناڵاندووێتی و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تاوەکو ئەم تەمەنەی ئێستای، بەدەست ناڕێکیی ددانییەوە هەستی شەرمەزاریی بۆ دروستبووە. بۆیە دواجار بڕیاریداوە چارەسەرێکی جوانکاری لەلای پزیشکێکی ناسراوی ددان لە شارەکەی خۆیدا وەربگرێت.
دوای کۆتاییهاتنی چارەسەرەکە، لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێت و راستەوخۆ بەرەو ئاوێنەیەک دەچێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی ببینێت؛ لەو کاتەدا کاردانەوەی سەیر و چاوەڕواننەکراوی دەبێت و دەست بە گریان دەکات، پاشانیش ئەوەندە دڵی خۆشە کە باوەش بە پزیشکەکە و کارمەندی کلینیکەکەدا دەکات و ئەوانیش دڵیان پڕ دەبێت.
بەپێی دامەزراوەی پزیشکانی ددانی ئەورووپی، خۆراکە سوودبەخشەکان بۆ ددانەکان ئەمانەن؛
- شیر و هێلکە؛ دەوڵەمەندن بە کالیسۆم و ڤیتامین Dـی زیاتر هەڵدەمژن.
- ماست و پەنیر؛ دەوڵەمەندن بە کالیسۆم.
- ماسی؛ مادەی فۆسفۆری تێدایە.
- برۆکلی؛ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان.
- گێزەر و سێو؛ ریشاڵیان تێدایە و کلسی سەر ددانەکان کەم دەکەنەوە.
خۆراکە زیانبەخشەکان بۆ ددانەکان ئەمانەن؛
- لیمۆ
- ترشیات
- خواردنەوە گازییەکان
- شیرینییە دەستکردەکان
- میوە وشککراوەکان

