رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ لە قەزای مێرگەسۆر کیسێکی گەورە لە هێلکەدانی کچێکی نەوجەواندا دەردەهێندرێت و ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێت، ئەگەر دوابکەوتایە، کیسەکە دەسووڕا و کچەکە هێلکەدانی لەدەستدەدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-8-2026 د. نیان نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەریی دەرهێنانی کیسەکەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، کچەکە بە ئازاری خوارووی سکی و حەوزییەوە هاتە نەخۆشخانە و دوای پشکنین، بۆیان دەرکەوتووە، کیسێکی قەبارە هەشت سانتیمەتری لە هێلکەدانیدا هەبووە.
د. نیان نەوزاد دەڵێت: زۆرجار ئەگەر کیسەکان بە درەنگ دەستنیشان بکرێن، تووشی سووڕان دەبن و ئەمەش هێلکەدانەکە لەنێو دەبات، بەڵام ئەم حاڵەتە لەبەر ئەوەی زوو دەستنیشان کرا و هەر لەگەڵ ئازارەکە، کچەکە هێنراوەتە نەخۆشخانە، بۆیە زوو کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی باس کرد، هەردوو هێلکەدانەکانی کچەکە سەلامەتن. لە کۆتاییشدا گوتی: هەر خانمێک لە هەر تەمەنێکدا بوو، ئەگەر ئازاری بەردەوامی سک و خوار سکی هەبوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، تاوەکو لە ئەگەری هەر کێشەیەک، زوو دەستنیشان و چارەسەر بکرێت.
هۆکارەکانی کیسی هێلکەدان؟
بەگوتەی د. نیان نەوزاد، 60٪ـی هۆکارەکانی کیسی گەورەی هێلکەدان دیار نییە و لەخۆڕا دروستدەبن، هەر بۆیە پشکنینی تیشکیی سۆنەر بۆ خانمان گرنگە بەتایبەت لە تەمەنی سەروو 35 ساڵییەوە.
ئەمەش بزانە؛ فرەکیسی هێلکەدان کە کێشەیەکی باوی نێو خانمانە لە هەرێمی کوردستان و ناسراوە بە PCOS، دەکرێت بەم شێوەیە رێگری لێبکرێت؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو


