رووداو-تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دەرمانێکی نوێی بە ناوی "سێمتریۆ" (Simtriyo) بۆ چارەسەری تێکچوونی کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی (ADHD) پەسەند کرد.
ئەم دەرمانە نوێیە کە بەشێوەی کەپسولە و مادەی چالاکی "سێنتانافادین"ی تێدایە، یەکەم چارەسەری لە جۆری خۆیەتی کە کار لەسەر سێ راگەیێنەری سەرەکیی دەمار (نۆرئێپینێفرین، دۆپامین، و سیرۆتۆنین) دەکات، ئەمەش یارمەتیی رێکخستنی سەرنج و رەفتارەکانی کەسی تووشبوو دەدات.
FDA ئاماژە بەوەدەکات کە پەسەندکردنەکە دوای شیکردنەوەی ئەنجامی 4 تاقیکردنەوەی کلینیکی دێت کە لەسەر نزیکەی 3 هەزار بەشداربووی سەروو تەمەن 6 ساڵ ئەنجامدرابوون، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارهێناوە، نیشانەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی دەرمانی بێکاریگەرییان (Placebo) وەرگرتووە.
کاریگەرییە لاوەکییە باوەکانی دەرمانەکە بەپێی تەمەنەکان:
منداڵانی 6 بۆ 12 ساڵ: سووربوونەوەی پێست (پەڵە) و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
مێردمنداڵانی 13 بۆ 17 ساڵ: کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، دڵتێکەڵهاتن، سووربوونەوەی پێست، سەرئێشە، و ئازاری سک.
پێگەیشتووان: سەرئێشە، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بێخەوی، دڵتێکەڵهاتن، وشکبوونەوەی دەم، و سکچوون.
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریخستووە، منداڵێک کە گرفتی فرەجووڵەیی و نەبوونی سەرنجی هەبێت، رەنگە ئەم نیشانانەی تێدا دەرکەوێت:
-لەبیرچوونەوە
-جووڵانی بەردەوام
-زۆر قسەکردنی
-خۆ خستنە مەترسیی بەبێ بیرکردنەوە
- نەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی



