رووداو- تەندروستی بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی، رێنماییە نوێیەکانی خۆپاراستن و چاودێری تەندروستیی دڵ دەرفەت بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا دەڕەخسێنێت کە خۆیان لە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بپارێزن. د. تایمۆسی ئەندەرسن، لە زانکۆی پیتسبێرگ لە ئەمریکا، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت مەترسییەکانی تەندروستیی دڵی بۆ ماوەی 10 بۆ 30 ساڵی داهاتوو خەمڵاندووە، دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی پێشتر وەک "کەم مەترسیدار" پۆلێن دەکران، ئێستا پێویستیان بە چارەسەری خۆپارێزی هەیە، وەک بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ. د. تایمۆسی ئەندەرسن، ئاماژەی بەوەدا کە دەستنیشانکردنی نیشانەکان لە تەمەنێکی گەنجتردا دەتوانێت رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شاخوێنبەری دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. نیشانە پێشوەختەکانیش بریتین لە: - ئازار و قورسیی سنگ - ئازارێک کە لە سنگەوە بۆ شان یان قۆڵی چەپ دەڕوات - تەنگەنەفەسی - سەرگێژخواردن و ماندوێتیی لە رادەبەدەر ئەندەرسن جەخت دەکاتەوە کە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا، پێویستە نەخۆش دەستبەجێ پەیوەندی بە بەشی فریاکەوتنەوە بکات. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایدەگەیەنێت، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە جیهاندا، رێکخراوەکە بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ ئاماژە بە چەند رێگەیەکی سەرەکی دەکات، لەوانە "کۆنترۆڵکردنی بەرزیی کۆلیسترۆڵ، خواردنی خۆراکی تەندروست و وازهێنان لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان."