رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی دەریخستووە، جۆرێک لە بنێشتی پزیشکیی دەستکاریکراو، توانای کەمکردنەوەی ئاستی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) هەیە.
پڕۆفیسۆر د. هێنری دانیێڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پەنسلڤێنیا رایگەیاند، پشکنینیان بۆ لیکی دەمی تووشبووانی شێرپەنجەی دەم و گەروو کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، بنێشتەکە ئاستی ڤایرۆسی (HPV)ی بە رێژەی 93% لە لیکدا و 80% لە شلەی شۆردنی دەمدا کەمکردووەتەوە.
پڕۆفیسۆر د. هێنری دانیێڵ ئاماژە بەوەدەکات بنێشتەکە کە لە رووەکی لۆبیا دروستکراوە و پرۆتینێکی دژەڤایرۆسی تێدایە، یەک ژەمی بنێشتەکە ئاستی بەکتریا زیانبەخشەکانی نزیککردووەتەوە لە سفر، بێ ئەوەی زیان بە بەکتریا سوودبەخشەکان بگەیێنێت.
پڕۆفیسۆر د. هێنری دانیێڵ، دەڵێت، "بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی گەروو راستەوخۆ پەیوەندی بە تووشبوون بە ڤایرۆسی HPVیەوە هەیە."
ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) لە رێگەی بەرکەوتنی پێست یان سێکسەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی شێرپەنجە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەڵێت، شێرپەنجەی ملی منداڵدان حەوتەم بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا.



