رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، و خۆپارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن، مێشک بە دوور دەگرێت لە نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر و لەبیرچوونەوە، هەروەها تەمەنی مێشک بۆ 13 ساڵ زیاتر دەکات.
د.جۆزێف کۆرێش توێژەری باڵا لە زانکۆی نیویۆرک دەریخستووە، کە بەکارهێنانی داتای زیاتر لە 12 هەزار بەشداربوو بۆ ماوەی زیاتر لە 26 ساڵ (کە لە ساڵی 1987ەوە دەستی پێکردووە) دەریدەخات ئەو کەسانەی هەر سێ مەترسییەکەیانی جگەرەکێشان، نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێنیان هەبووە، نزیکەی 3 جار زیاتر تووشی دیمێنشا یان لەبیرچوونەوە بوونەتەوە، بەراورد بەوانەی هیچ کامێک لەو مەترسییانەیان نەبووە.
تویژینەوەکە رایدەگەیەنێت تووشبوون بە شەکرە پێش تەمەنی 60 ساڵی مەترسیی ئەڵزەهایمەر زۆر زیاتر دەکات، بۆیە رێگریکردن یان دواخستنی شەکرە لە ناوەڕاستی تەمەندا، تەندروستیی مێشک لاواز و پیر دەکات، بۆیە پێویستە لە تەمەنی 40 ساڵییەوە پشکنین بۆ ئاستی شەکرەی خوێن HbA1c)) و پەستانی خوێن ئەنجام بدرێت.
چونکە پابەندبوون بە دەرمانەکانی کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و پەستانی خوێن تەنیا بۆ پاراستنی دڵ و گورچیلە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی توانای بیرگە (Memory) لە پیریدا.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەریدەخات، مێشک و تەندروستیی دڵ بە تەواوی بەستراونەتەوە بە یەکەوە، بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە زیان بە بۆڕییە وردەکانی خوێنی مێشک دەگەیەنن و رێگە لە گەیشتنی خۆراک و ئۆکسیجینی پێویست دەگرن.


