رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە دایک و باوکان کە ئەو خۆراکانەی لە مارکێتەکاندا بۆ منداڵانی تەمەن شەش مانگ تاوەکو سێ ساڵ دەفرۆشرێن وەکو ( سریلاکی بەیانیان، بیسکوویتی منداڵان وخواردنەوە شیرینەکان)، مادەی پارێزەر، شەکر و خوێی زیادکراویان تێدایە و بەهای تەندروستییان زۆر نزمترە لەوەی لەسەر قاڵبەکانیان دەنووسرێ.
توێژینەوەکە لە زانکۆی تێکساس پشکنین و هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 700 بەرهەمی خۆراکیی ئامادەکراوی منداڵان لە بازاڕەکاندا کردووە و دەرکەوتووە، زیاتر لە 80%ی بەرهەمەکان بە مادەی پارێزەر دروستکراون و بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی درێژتر بمێننەوە یان تامەکەیان خۆشتر بێت.
ئرین هەدسەن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند "نزیکەی نیوەی ئەو خۆراکانەی لە بازاڕەکاندا بەناوی خۆراکی منداڵانەوە دەفرۆشرێن، ناگەنە ئاستی پێوەرە تەندروستییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) تەنانەت زۆربەی ئەو بەرهەمانەشی کە لە کێلگەکاندا بەبێ دەرمانی کیمیایی، پەینی دەستکرد و هۆرمۆن دروستدەکرێن، بڕێکی زۆر شیلەی میوە و سۆدیۆم و شەکری شاراوەیان تێدایە کە زیان بە سیستمی بەرگری و گەشەی منداڵ دەگەیێنن''.
توێژینەوە ئەمریکییەکە هۆشداری دەدات، خواردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە لە تەمەنی خوار سێ ساڵیدا، هۆشیاری و حەزی چێژ لە منداڵدا دەگۆڕێت و فێری خواردنی زۆر شیرین و سوێریان دەکات. ئەمەش لە تەمەنی گەورەییدا مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، و شەکرەی جۆری دووەم بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.


