رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی رووسی دەریدەخات، مرۆڤ دەکرێت توانای ژیانکردنی لە نێوان 146 بۆ 194 ساڵ هەبێت. بۆ ئەمەش نهێنییەکە باس دەکەن.
ئەم توێژینەوەیە لە پەیمانگەی زانستی و تەکنەلۆژییای زانکۆی سکۆلکۆڤۆ لە رووسیا ئەنجامدراوە، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە کە مرۆڤ دەتوانێت نزیکەی دوو سەدە بژی، ئەم ئەنجامانە پشت بە نموونەیەکی زانستی و بیرکاری دەبەستن بۆ لێکۆڵینەوە لە جەستەی مرۆڤ.
پەیمانگە رووسییەکە ئاماژە بەوەدەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی پیربوون، کۆبوونەوەی گۆڕانکارییەکانە لە DNAـی خانەکان و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەم زیانانە دەتوانن کاریگەری لەسەر توانای خانەکان بۆ چاکبوونەوە دروستبکەن.
د. ئیگڵ پاڤیدا، توێژەری خانە بنەڕەتییەکان دەڵێت: درێژبوونەوەی ژیان تەنیا پەیوەندی بە بۆماوەییەوە نییە،بەڵکو وەرزشکردن، خەوی باش، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، دووربوون لە جگەرە و پاراستنی کێشی گونجاو، لە هۆکارە گرنگەکانی ژیانی تەندروستن.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان هۆکاری نزیکەی حەوت ملیۆن مردنن لە تەمەنی گەنجیدا.


