رووداو - تەندروستی
تویژینەوەیەکی چینی دەریدەخات، کەمخواردنی شەکر لە سەرەتاکانی ژیاندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر بە رێژەی %46 کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکیی گوانگژۆ لە چین ئەنجامدرا، ئاماری زیاتر لە 60 هەزار کەسیان وەرگرت کە هەموویان لە نێوان ساڵەکانی 1951 تا 1956 لە بەریتانیا لەدایکبوون، چونکە لەو ساڵانەدا شەکر سنووردار کرابوو، دەرکەوت ئەو کەسانەی لە سەرەتای تەمەنیان کەمتر شەکریان بەکارهێنابوو مەترسی لە بیرچوونەوەیان کەم بووە.
بەشێوەیەک ئەو کەسانەی کە وەریان گرتوون و شەکریان سنووردار کردووە %27 مەترسیی تووشبوونیان بە ئەڵزەهایمەر کەم بووەتەوە.
د. بینگ ژانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "منداڵ لە دوو ساڵی سەرەتایدا شەکر نەخوات، چونکە قۆناخێکی گرنگی گەشەی مێشکە و جۆری خۆراکە کە کاریگەریی لەسەر گەشە دروستدەکات''.
د. بینگ ژانگ گوتی "لە دوو ساڵی یەکەمی کۆرپەدا، سەرچاوەی سەرەکیی خۆراک بۆ منداڵ شیری دایکە. بۆیە پێویستە خانمانی دووگیان زۆر ئاگاداری خۆراکەکانیان بن و شەکر کەمتر بخۆن''.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی57 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەبیرچوونەوەیان هەیە.


