رووداو- تەندروستی
دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، رەزامەندی لەسەر پشکنینێکی نوێی خوێن دا بەناوی SimpleScreen CRC کە لەلایەن کۆمپانیای Freenome بەرهەمهێنراوە، بۆ پشکنینی شێرپەنجەی کۆڵۆن لە کەسانی سەروو تەمەن 45 ساڵ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیای Freenome ئەم پشکنینە نوێیە، کە تەنیا پێویستی بە نموونەیەکی خوێنە، دەتوانێت بەشێکی زۆر لە ئاستەنگییەکانی بەردەم پشکنینی کۆڵۆنۆسکۆپی (هەناوبینی) لاببات، بەتایبەت ئامادەکارییەکانی پێشوەختە کە زۆر کەس بەهۆیەوە خۆیان لە پشکنینەکە دەدزنەوە.
کۆمپانیای Freenome ی ئەمریکی ئاماژە بەوەدەکات، توێژینەوەی PREEMPT CRC لەسەر زیاتر لە 48 هەزار کەسی خۆبەخش ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە:
- هەستیاریی پشکنینەکە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن 81.1%ـە، واتە لە هەر 10 تووشبوو، 8 کەسیان دەستنیشان دەکات.
- تایبەتمەندییەکەی بۆ دەستنیشانکردنی گرێی پێشکەوتووی شێرپەنجەیی 90.4%ـە، واتە لە هەر 10 کەس کە شێرپەنجە یان گرێی مەترسیداریان نییە، 9 کەسیان بە دروستی دەستنیشان دەکات.
- هەستیاریی پشکنینەکە بۆ دەستنیشانکردنی گرێی پێش شێرپەنجەیی 13.7% بووە.
کۆمپانیای Abbott بەرپرس دەبێت لە بە بازاڕکردنی پشکنینەکە لە ئەمریکا و بڕیارە لەم پایزەدا بەردەست بێت.
لە پشکنینە کۆنەکە (کۆڵۆنۆسکۆپی) کامێرایەکی بچووک دەنێردرایە نێو کۆڵۆن و پێویستی بە پاککردنەوەی ریخۆڵە و دەرمانی سکچوون بوو بەڵام ئەم پشکنینە نوێیە پێویستی بە هیچ ئامادەکارییەک و دەرمانێک نییە.



