رووداو - تەندروستی
پزیشکێک لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادی لە دهۆک دووجار دڵی پیاوێک بەساڵاچوو دەخاتەوە کار و لە دواییدا ژیانی لە مردن رزگار دەکات. ئەو پزیشکە تەنانەت لەسەر تەختی نەخۆشەکەش سینگە دڵەبووژاندنەوەی بۆ دەکات تا دەگەیێندرێتە ژووری لێدانی کارەبا لە دڵ DC Shock.
ئەمڕۆ شەممە 1-8-2026 دکتۆر ئەلەند ناسر، پزیشکی خولاو لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەوە پیاوێکی 64 ساڵ بووە و بەپێی خۆی هاتووەتە نەخۆشخانە، چونکە ئازاری سینگی هەبووە.
پزیشکەکان پاش بینینی و زانینی نیشانەکانی، پشکنینی هێڵکاریی دڵیان بۆ کردووە، بەڵام لەکاتی پشکنینەکە دۆخی خراپتر بووە و دڵی وەستاوە، ئیدی جارێک کارەبایان لە دڵی داوە، بەڵام تەنیا چاوی کردووەتەوە و دایخستووەتەوە، پاشان بەپەلە دەیخەنە سەر تەختێک بۆ ئەوەی بیبەنە ژوورێکی تایبەت بە کارەبایی دڵ.
ئەوەی پڕاوپڕە لە دڵسۆزی و میهرەبانیی دکتۆر ئەلەند ئەوەیە، لەکاتی گواستنەوەی ئەو نەخۆشە بۆ ژوورێکی دیکە و هەر لەسەر تەختەکە، سینگە دڵەبووژاندنەوە بۆ پیاوەکە دەکات تاوەکو دڵی بهێنێتەوە کار، پاشان بە تەواوی دەگەنە ژوورەکە و بە ئامێری DC Shock کارەبای لێدەدەن و دڵی بۆ دووەمجار دەکەوێتەوە لێدان.
بەگوتەی پزیشکەکە، کاتێک پرسیاریان لە نەخۆشەکە کردووە، هیچی بیر نەماوە کە چی بەسەدا هاتووە؟ ئینجا دەرمانی شلکردنەوەی خوێن و جەڵتەی دڵیان پێداوە و ئامادەیان کردووە بۆ ئەوەی بیبەن بۆ سەنتەری دڵ لە دهۆک تاوەکو قەستەرەی بۆ بکەن.
دکتۆر ئەلەند لەگەڵ نەخۆشەکە بووە هەتا گەیشتووەتە سەنتەری دڵ، لەوێ (د. نزار عەرەب، پسپۆڕی دڵ و قەستەرە) قەستەرەی بۆ نەخۆشەکە کردووە و بە رووداوی راگەیاند، خوێنبەری تاجیی دڵی گیرا بوو، بە قەستەرە بەردرا. بەڵام هێشتا پێویستیی بە قەستەرەی دووەمە و رێنوێنی و دەرمانی بۆ ئەوەش پێدراوە.
کوڕی ئەو نەخۆشە ئەوە ئاشكرا دەکات کە باوکی بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تووڕە بووە و هەر ئەوەش کاری تێکردووە و جەڵتە لێی داوە. ئێستاش دۆخی جێگیرە، بەڵام د. نزار دەڵێت کە پێویستیی بە قەستەرەی دووەم هەیە.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.


