رووداو - تەندروستی
یەکەمجارە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر نەشتەرگەریی گۆڕێنی جومگەی شانی تێدا بکرێت، ئەمە بە سەرپەرشتیی د. سەرۆ کاکەیی و تیمێکی پسپۆڕیی جیاوازی نەشتەرگەری بۆ خانمێکی بەساڵاچوو کرا.
لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراسدا ئاماژە بە نەشتەرگەرییەکە کرا و د. مهاباد شێخ زیاد، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر کە میوانێکی بەرنامەی دکتۆر ئاراس بوو. باسی پشکنینی تیشکیی ئەو نەخۆشەی کرد کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە و گوتی: ئەوە خانمێکی بەساڵاچوو بوو کە جومگەی لای راستی شانی شکاوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی جەڵتە لە بەشەکەی دیکەی جەستەی دابوو و زیار کاری بە لای راستی دەکرد.
بەگوتەی د. مهاباد ئەوە شکانێکی ئاڵۆزی ئێسکەکانی جومگە بوو، پاشانیش جومگەکە لە شوێنی خۆی دەرچووبوو. د. سەرۆ سەرتیپ کاکەیی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شكان میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو و گوتی: پێشووتر هەر نەخۆشێک ئەو دۆخەی هەبووایە، ناچار بوو کە تا ژیانی ماوە بەدەستییەوە بناڵێنێت، بەڵام ئێستا چەند ساڵێکە لە نەخۆشخانەی تایبەت نەشتەرگەرییەکەی پەیدا بووە و ئەم ساڵیش بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی حکومیی رزگاری لە هەولێر کرا.
د. سەرۆ لەبارەی کۆتایی نەشتەرگەرییەکە و چارەسەرییەکانی نەخۆشەکە دەڵێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری سرووشتی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی جووڵە بۆ جومگەکە بگەڕێتەوە.
تەواوی بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس ببینە


