رووداو - تەندروستی
لەنێو بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس باس باسی مەلۆتکەکردنی کوردەواری و مەلۆتکەکردنە نوێیەکەی ئێستایە کە پزیشکان پێشنیازی دەکەن؛ ئەوەی ئێستا وەکو تورەگەیەکە و منداڵی تێدەکرێت، بەستنەکەی شلە و قاچی منداڵ ئازار نادات.
د. دەروون جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان میوانی بەرنامەکەیە و دەڵێت: منداڵ زۆر بە تووندی ببەسترێتەوە بۆ نێو بێشکە یاخود لانکە، ئەگەری دەرچوونی حەوزی زۆر دەبێت. هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، منداڵ بە شلی مەلۆتکە بکرێت و نابێت قوماشی مەلۆتکەکردنەکە ئەستوور و فراوان بێت، پاشانیش نابێت لە حەوز بەرەو خوارەوەی نەبەسترێت.
بەگوتەی د. دەروون، هەرکاتێک منداڵ خۆی خستە سەر سک و سەر تەنیشت، ئیدی نابێت لەو تەمەنەدا مەلۆتکە بکرێت کە نزیکەیی تاوەکو 2 بۆ 3 مانگە. باسی سوودەکانی مەلۆتکەکردنیش دەکات کە ''منداڵ هێمن دەکاتەوە و کواڵیتیی خەوی باشتر دەکات کە گریانی کەم دەبێتەوە''.
دکتۆر ئاراس روونکردنەوەیەک دەدات؛ ''کاتێک منداڵێک مەلۆتکە دەکرێت، مەرج نییە راستەوخۆ زیانەکانی لەسەر دەربکەون و مەرجیش نییە دایک و باوک هەست بە کاریگەرییە خراپەکە بکەن، بەڵام ئەگەر 1٪ـیش ترسمان هەبێت لە مەترسییەکانی، ئەوا نابێت بکرێت''. بۆ ئەمەش بەپێی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پەککەوتووان و منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ژمارەی تووشبووانی دەرچوونی جومگەی حەوز DDH زیاد بووە و زۆرە.
بەشداربوویەکی نێو بەرنامەکە کە لە گوندی زەنگەنانی ناوچەی بادینانەوە هاتووە دەڵێت: زیاتر لە 12 ساڵە نۆرینگەی تەندروستیم هەیە، لەکۆی 10 منداڵی ئەو ناوچەیەمان، نزیکەی 5ـیان قایشیان بۆ بەستراوە بەهۆی لەجێچوونی جومگەی حەوزیان.


