رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی سەنتەری شەکرە لە هەولێر رایدەگەیێنێت، لە سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان نزیکەی 60 هەزار تووشبووی شەکرە تۆمار کراون.
د. عەزیز رواندزی، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو و کوێرەڕژێنەکان بە رووداوی راگەیاند، تووشبووانی شەکرە زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە تۆمار کراون، زۆرینەشیان دەستنیشان نەکراون.
بەگوتەی د. عەزیز رواندزی؛ بۆماوەیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە، بەڵام شێوازی ژیانیش رۆڵی هەیە لە زووتووشبوون یاخود تووشنەبوون بە نەخۆشییەکە تەنانەت ئەگەر بە بۆماوەییش لەنێو کەسەکەدا هەبێت.
موژدەیەکی بە هاونیشتمانییان دا کە چارەسەرییەکانی شەکرە لە هەرێمی کوردستان ئەوانەن کە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت و بۆ نەخۆشانەی دەرەوەی وڵات جێبەجێ دەکرێن.
بەپێی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی شەکرە، پشکنینی شەکرە بۆ منداڵانی تەمەن 10 ساڵ یان زیاتر بکرێت، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە قەڵەو بێت و یەکێک لەم هۆکارە مەترسیدارانەى هەبێت:
- تووشبوون به جۆری دووەمى شەکرە لەنێو ماڵباتی منداڵەکە.
- دایکى منداڵەکە تووشی شەکرەى دووگیانی بووبێت لەماوەی دووگیانی بە منداڵەکە.
- دەرکەوتنی نیشانەکانی بەرگریی ئەنسۆلین وەکو کیسى هێلکەدان.
- کورد بە یەکێک لەو رەچەڵەکانە دادەنرێت کە جۆری دووەمى شەکرە باوە لە ناویان.
لە سەنتەری گەلیاوە بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە لە هەولێر، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2000 منداڵی دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە پێویستیان بە چارەسەر و چاودێریی بەردەوام هەیە.



