رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک رایدەگەیێنێت، ئەگەر لە کەسی یەکەمی خێزان تووشبووی شەکرەی جۆری دوو هەبوو، گرنگە هەمیشە رەچاوی کێشڕێکی بکرێت و رێگری لە قەڵەوبوون بکرێت.
د. محەممەد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، 80٪ـی ئەوانەی تووشی شەکرەی جۆری دوو دەبن، قەڵەون و هەر ئەوەشە وایکردووە تووشی ئەو نەخۆشییە درێژخانەیەن ببن.
د. محەممەد حەسەن ئاماژە بە دابەزاندنی کێش دا و گوتی: ئەگەر کەسێک لە سەرەتای تووشبوونی بە شەکرەی جۆری دوو بێت و 15٪ کێشیان داببەزێنن، ئەوا دەشێت نەخۆشییەکەیان کۆنتڕۆڵ ببێت و لێی چاک ببنەوە. ئەوانەشی نەخۆشییەکەیان هەیە، دەتوانن باشتر کۆنتڕۆڵی بکەن و شەکرەیان بەرز نەبێتەوە.
خۆراکی تووشبووی شەکرە چۆن بێت؟
لەبارەی خۆراکەوە ئاماژەی بەوە دا، خواردنی خۆراکی تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو وەکو هی کەسێکی ئاساییە، بەڵام پێویستە بزانێت کە بڕی چەند لە خۆراکەکان دەخوات.
بەگوتەی د. محەممەد حەسەن، تووشبووی شەکرە ئاساییە رۆژانە ئەوەندەی ناولەپێک میوە بخوات، بەڵام پێویستیشە کە بڕی میوەکە دیاریکراو بێت و ئەو میوانەش نەخورێت کە شەکرە زۆر بەرز دەکەنەوە وەکو (شووتی، کاڵەک و مۆزی گەییو).
خواردنەوە زیڕۆکان بەسوودن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە؟
د. محەممەد حەسەن دەڵێت: گۆڕینی تەنیا خۆراکێک یاخود کەمکردنەوە و نەخواردنی شەکرە کاریگەریی نابێت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە، بەڵکو پێویستە شێوازی ژیان بگۆڕێت لەڕووی (خەو، رێکخستنی ژەمەکان، وەرزش و جۆر و کواڵیتیی خۆراک).



