رووداو-تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 523 نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکی سلێمانی ئەنجامداوە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی گوتی، "لەکۆی ئەو 523 حاڵەتەی چاندنی مۆخی ئێسک کە ئەنجاممان داوە، تەنیا 40%ـیان خەڵکی نێو پارێزگەی سلێمانین، بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقمان کردووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی زۆری کارەکانیان بەهۆی کارمەندی خۆبەخشەوە بەڕێوەدەچێت و گوتی، "نزیکەی 40%ـی کارمەندانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک خۆبەخشن."
سەبارەت بە داهات و بودجەی نەخۆشخانەکە، د. یاد نەقشبەندی گوتی، "هیچ بڕە داهاتێک لە سندوقی شێرپەنجە نەگەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ئێمە بە داهاتی سلێمانی نەخۆشخانەی هیوامان ژیاندووەتەوە."
لە کۆتاییدا، د. یاد نەقشبەندی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بایەخێکی زیاتر بە سەنتەرەکە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی نەخۆشان بکەن.


