رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 10 هەزار داوای بوون بە خۆبەخشیمان رەتکردووەتەوە و ناهێڵین هیچ کارمەندێک ببێتە خۆبەخش.
ئەمڕۆ شەممە 11-7-2026 جەبار محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تائێستا سندووقێکی خانەنشینی بۆ کارمەندانی تەندروستی نییە و بەشێکی زۆری ئەوانەشی خانەنشین بوون، نە مووچەیان پێدراوە و نە ناسنامەشیان بۆ کراوە.
جەبار محەممە ئاماژە بە شەش هەزار خانەنشینی کارمەندانی تەندروستی دەکات کە تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری مووچەیان پێنەدراوە، ئەو دەڵێت: لەکاتی تەواوکردنی مامەڵەکانیان تەنیا یەک مووچەیان پێ دەدەن ئەویش مووچەی ئەو مانگەیە کە مامەڵەکانیانی تێدا تەواو دەبێت و مووچەی مانگەکانی پێشوویان دیار نییە.
باسی کێشەیەکی دیکەشیان دەکات کە کارکردنی کارمەندانی تەندروستییە لە کەرتی تایبەت، بەجۆرێک هەر کارمەندێک ئەو دەوام و خزمەتەی لە کەرتی تایبەتدا دەیکات، بە راژە و خزمەت بۆی هەژمار بکرێت، ''بەڵام تائێستا ئەوە جێبەجێ نەکراوە''.
30 هەزار کارمەندی تەندروستی لە حکومی کار دەکات
جەبار محەممەد باسی ژمارەی کارمەندانی تەندروستی دەکات و دەڵێت: 30 هەزار لە کەرتی حکومیدا کار دەکەن و نزیکەی 52 هەزار کارمەندی دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگە دانەمەزراون و زۆرینەیان خۆبەخشن.
هەروەها ئەوەشی گوت کە خۆبەخشەکان لە وەزارەتی تەندروستیدا هیچ ئیمتیازێکیان نییە و لە وەزارەتەوە کردوویانە بە مەرج کە خۆبەخشەکان نابێت داوای هیچ مافێک بکەن.
رێگە نادەین هیچ کارمەندێک خۆبەخشی بکات
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2024ـەوە بوون بە خۆبەخشی راگیراوە و ئەم بڕیارەش لەلایەن سەندیکاوە دراوە، جەبار محەممەد دەڵێت: لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا 10 هەزار فۆڕمی بوون بە خۆبەخشی تۆمار کراون، بەڵام رێگەمان پێ نەداون و رەتمانکردوونەتەوە.
ئێستا خانەنشینبوون لە هەرێمی کوردستان لەدوای تەمەنی 60 ساڵییەوەیە، سەندیکا پیشەییەکانیش داوای رێکخستنی خانەنشینی دەکەن.
.png&w=3840&q=75)

