رووداو-تەندروستی
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) رایگەیاند پشکنینەکان دەریانخستووە کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی هەڵگری ڤایرۆسی ئیبۆلایە.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، هاووڵاتییە ئەمریکییەکە لە رێکخراوێکی مرۆیی لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ کاردەکات، پشکنینەکانی دەریانخستووە کە هەڵگری ڤایرۆسی بوندیبوگیۆ بووە، کە جۆرێکی ڤایرۆسی ئیبۆلایە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندەکە کە رۆژی 10ـی 7ی 2026 بڵاوکراوەتەوە، CDC لەگەڵ رێکخراوی هەڵگرەکە، ئاژانسە فیدراڵییەکانی دیکەی ئەمریکا، دەسەڵاتدارانی تەندروستی و هاوبەشەکانیان لە کۆنگۆ کاردەکات بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە.
ناوەندەکە جەخت دەکاتەوە، تیمەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون بۆ بەرکەوتووانی دیکە و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی مەترسی کردووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی ئەگەری هەڵگری ڤایرۆسەکەیان بەرزە.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 600 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەم شەپۆلەی ئێستا لە جۆری بوندیبوگیۆیە، کە هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی تایبەتی نییە.


