رووداو - تەندروستی
دانیاڵ هارتمان پیاوێکی وەرزشڤانی رووسییە کە لە سۆشیاڵ میدیادا ملیۆنان فۆڵۆوەرسی هەیە و بەوە نێوبانگی دەرکردووە کە توانیویەتی 72 کیلۆگرام لە کێشی بە کەمتر لە ساڵێک داببەزێنێت.
ئەم ساڵ چووەتە لۆس ئەنجڵس و لەوێ نیشتەجێ بووە، لە سەردەمی پەتای کۆرۆناوە بەردەوام ڤیدیۆی گۆڕانکارییە جەستەییەکانی خۆی بڵاو دەکردەوە کە وەرزشی دەکرد و رێژیمی خۆراکی تووندی پەیڕەو دەکرد.
ئەو دەڵێت: گەیشتمە 365 پاوەند واتە 165.5 کیلۆگرام و 160 پاوەند واتە 72 کیلۆگرام لە کێشم دابەزاند تەنیا بە رێژیمی خۆراکیی تووند، وەرزشەکانی کاردیۆ و بەرزکردنەوەی قورسایی. ئەو پیاوە لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19ـدا کێشی خۆی زیاد کرد، بۆ ئەوەی ببێتە ئاڵنگارییەک کە بتوانێت کێشی خۆی کەم بکاتەوە.
ئەمانە خوارەوە وەکو نهێنییەکی کێشدابەزاندنەکەی باس دەکات؛
1- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و خۆدوورگرتنەوە لە خۆراکی چەور و شیرین؛ خۆراکە پڕۆتینی و ریشاڵییەکانی دەخوارد بۆ ئەوەی زوو هەست بە تێربوون بکات بۆماوەیەکی زۆریش هیچ نەخوات.
2- شەکر، کحول و خۆراکە خێرا و سوورەوەکراوەکانی لەخۆی قەدەخەکرد.
3- بڕێکی زۆر ئاوخواردنەوە رۆژانە و لەبری لەڕۆندا سوورکردنەوە، برژاندنی بۆ گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک گۆڕی.
4- رۆژ نا رۆژێک دەچووە هۆڵی وەرزش و وەرزشەکانی کاردیۆ و بەرزکردنەوەی قورسایی دەکرد.
5- بەردەوامیی پەیڕەوکردنی کارەکانی رۆژانەی.
دانیاڵ هارتمان دەشڵێت، بڕیارمداوە کە چلەکانی تەمەنم بەهێزترین دەیەی ژیانم بێت، هەر بۆیە پێویستە پێش دەستپێکردن بە کێشدابەزاندن، ئامانج دابنرێت و بڕیاری جیدی لەسەری بدرێت.


