رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی گلاسکۆ لە بەریتانیا دەریخستووە، ئەو دایکانەی خاوتر وەڵامی دەنگیی منداڵە تەمەن یەک ساڵانەکانیان دەدەنەوە، ئەگەری ئەوە زیاترە منداڵەکانیان تاوەکو تەمەنی 7 ساڵی گرفتێکی دەروونییان بۆ دروستبێت.
لە توێژینەوەکەدا سەیری ڤیدیۆی دایکان و منداڵەکانیان کراوە کە پێکەوە سەیری کتێبێکی وێنەداریان کردووە، دواتر گوێ لە دەنگی تۆمارکراو گیراوە بۆ ئەوەی بزانرێت دایکان چەند بە خێرایی وەڵامی دەنگی منداڵەکانیان دەدەنەوە، دەرکەوت ئەو دایکانەی کە خێرا و لە ماوەی یەک چرکەدا وەڵامی منداڵەکانیان داوەتەوە، منداڵەکانیان کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی فرەجووڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD) و رەفتاری تێکدەرانە هەبووە لە داهاتوودا.
منداڵیدا.
زانکۆ بەریتانیەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر دایکێک لە ماوەی یەک چرکەدا وەڵام بداتەوە، مەترسیی تووشبوونی منداڵەکەی بە گرفتی دەروونی تا تەمەنی حەوت ساڵی، بە رێژەی 17% کەم دەکات، ئەمە زیاتر بۆ حاڵەتەکانی وەک فرەجووڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD) و تێکچوونی رەفتار راستە، بەڵام هیچ پەیوەندییەک لەنێوان خێرایی وەڵامدانەوەی دایک و منداڵی ئۆتیزم یان گرفتە سۆزدارییەکانی دیکەدا نەدۆزییەوە.
پرۆفیسۆر د. فیل ویڵسن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی گلاسکۆ لە بەریتانیا گوتی:" هێشتا دڵنیا نین کە ئایا خاو وەڵامدانەوەکە هۆکاری کێشەکانە یان هۆکاری دیکەی وەک بۆماوەیی لەپشتەوەیە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە چاودێریکردنی پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی دەروونیی منداڵ."
پرۆفیسۆر د. فیل ویڵسن، دەڵێت "ئەگەر دایک و باوکێک خێرا وەڵامی منداڵەکەیان نەدەنەوە، ئەمە بە دڵنیاییەوە مانای ئەوە نییە کە منداڵەکە لە داهاتوودا تووشی گرفتی دەروونی دەبێت".


