رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی چاو دوای داخستنی نۆرینگەکەی لە سەیدسادق رەخنەی لە بڕیاری داخستنەکە هەیە و دەڵێ، ئەوە ناوزڕاندنە نەک سزادان.
بەگوتەی ئەو پزیشکە، بەهۆی ئەوەی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ نەکردووە کە ''دەبێت هەر پزیشکێک لەهەمان قەزا و ناحیە کە دوامی حکومی تێدا دەکات، کلینیکی تایبەتی خۆی دابنێت'' بۆیە سزا دراوە.
د. ئاسیا عەلی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاند، ئێستا نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت حاجی موشیر هیچ پزیشکێکی فەرمیی چاوی لێ نییە و ئەوەی هەیە تەنیا دوو پزیشکی پسپۆڕ بە خۆبەخشی مانگی دوو رۆژ دەوام دەکەن.
تەنانەت ئەو پزیشکە پێی وایە کە ئەم بڕیارە (هەر پزیشکێک کلینیکەکەی لە هەر شارۆچکەیەکدا بوو، پێویستە دەوامی حکومی لە نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەکە بکات) بڕیارێکی تاکەکەسی و نافەرمیی تەندروستیی سلێمانییە و تەنیا بۆ ئەوەیە کە پزیشکی پسپۆڕ نەهێندرێت و کێشەی کەمیی پزیشکی پێ بشاردرێتەوە.
د. ئاسیا عەلی رەخنە لە شێوازی داخستنی نۆرینگەکەی لە سەیدسادق دەگرێت و گوتی: داوا لەسەر هەر کەس و لایەنێک تۆمار دەکەم کە نۆرینگەکەمی داخستووە، چونکە ئەوە ناوزڕاندنە نەک سزا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، د. ئاسیا عەلی لە هەڵەبجە دەوام دەکات و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەیە، بەڵام لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە داوای لێکراوە کە لە سەیدسادقیش لە مانگێکدا دوو رۆژ دەوام بکات، لەبەر ئەوەی کلینیکە تایبەتییەکەی لەوێیە. ئەویش رەتی کردووەتەوە بە خۆبەخش دەوامی حکومی لەوێ بکات.
بەگوێرەی نەخۆشخانەکە، مانگانە چوار رۆژ لیژنەی مۆڵەتی شۆفێری لە نەخۆشخانەی شەهید موشیر دادەنیشێت (بێ ئەوەی نەخۆش ببیندرێت) و دوو رۆژیش پزیشکی چاو کە تایبەتە بە نەخۆشەکان.


