رووداو - تەندروستی
ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس باسی بابەتێکە کە ناونراوە ''جینۆسایدکردنی خەڵک بە خۆراک''، دکتۆر ئاراس دەڵێت، ''جینۆسایدێکە کە زانست وەکو بیرکاری و وەکو 1+1 سەلماندوویەتی. ئەمە جینۆسایدێکە سپۆنسەر و پاڵپشتیی دەکرێت، برەوی پێدەدرێت و رێکلامی بۆ دەکرێت. تەنانەت خەڵکیشی بۆ هاندەدرێت''.
باس باسی خۆراکە خێراکانە و دکتۆر ئاراس لەگەڵ دوو پسپۆڕی میوان کە شێفێکیش لە چێشتخانەی بەرنامەکەیە باسی مەترسییەکانی ئەو خۆراکە دەکەن کە ''کورد جینۆساید دەکات''.
د. محەمەد جەباری، پسپۆڕی خۆراک رایدەگەیێنێت، منداڵان بەهۆی خواردنی خۆراکە خێراکان لە مەترسیی گەورەدان. میوانەکەی دیکەش کە د. سورکێو لەتیفە کە پزیشکی پسپۆڕی دڵە گوتی: خۆراکە خێراکان رێژەی قەڵەوی زیاد دەکەن و هۆکارێکی تووشبوونن بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
د. محەممەد جەباری دەڵێت: خواردنی تەنانەت یەک بەرگریش مەترسییەکی گەورەیە و بەرگر یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی چەوریی جگەر و شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، پاشانیش رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
د. سورکێو لەتیف ئاماژە بە چەند مەترسییەکی بەرگر لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن دەدات و دەڵێت: زۆربەی پێکهاتەکانی نێو بەرگر قەدەخەکراو و مەترسیدارن و خواردنی پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە.
باسی ئەوەشی کرد کە خواردنی بەرگر دەبێتە هۆی تووشبوون بە شەکرە و تەنیا یەک ژەمی بەرگر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاد دەکات.
لەبارەی مادەیەکی نێو گۆشتی بەرگر د. محەممەد جەباری گوتی، ''نیتراتی نێو بەرگر مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاد دەکات و خوێی تێدایە کە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە''.
ئەوەشی باس کرد کە بەنزەواتی سۆدیۆمی نێو بەرگر لە هەرسدا دەبێتە بەنزینی ئۆتۆمبێل و رێژەیەکی زۆر چەوریی تێر لەنێو بەرگردایە کە هۆکارێکی نەخۆشییەکانی دڵە.
جیاوازیی نێوان بەرگری خۆماڵی و هەویری بەرگر
بەرگریی خۆماڵی گۆشتەکەی خۆماڵییە و پیاز، سیر و بیبەری رەشی تێدایە، بەڵام هەویری بەرگر کە لە فرۆشگە و رێستورانتەکان هەیە و بەرگری دەرەوەیە، گۆشتێکە کە نازاندرێت سەرچاوەکەی هی کوێیە و هی چ ئاژەڵێکە! پاشانیش تێکەڵەی مایۆنێز، کەچەب و خەردەل لەگەڵ مادەی پارێزەری تێدایە و مادەیەکی مەترسیداریش لەخۆدەگرێت کە پێی دەگوترێت، ''بەنزەواتی سۆدیۆم''.
پێکهاتەکانی هەویری بەرگر و زیانەکانیان
گۆشتی بێ سەرچاوە؛ سیستمی هەرس تێکدەدات
تێکەڵەی مایۆنێز، کەچەب و خەردەل؛ گیرانی خوێنبەرەکان
ئاوی گەنمەشامی؛ نیشتنی چەوری لەسەر جگەر
مادەی پارێزەر؛ لاوازکردنی سیستمی بەرگریی جەستە
چەوریی سیانی ''ناتەندروست''؛ جەڵتەی دڵ
نیتریت؛ شێرپەنجەی کۆڵۆن
خوێ؛ بەرزەپەستانی خوێن
بەنزەواتی سۆدیۆم؛ زیانگەیاندن بە DNA
چەوریی تێر؛ جەڵتەی دڵ و مێشک


