رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەنجامدانی 90 خولەک بۆ دوو کاژێر راهێنانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە هەفتەیەکدا، دەتوانێت مەترسیی مردنی پێشوەخت بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا لەسەر نزیکەی 150 هەزار کەس کراوە کە بۆ ماوەی 30 ساڵ راهێنانیان کردووە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەفتانە 90 خولەک بۆ دوو کاژێر راهێنانی هێزیان کردووە، مەترسیی مردنی پێشوەختیان بەهەر هۆکارێک بێت بە رێژەی 13% کەمیکردووە، مەترسیی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان (وەک جەڵتەی دڵ و مێشک) بە رێژەی 19% کەمتر بووە و مەترسیی مردن بەهۆی نەخۆشییە دەمارییەکان (وەک بیرچوونەوە) بە رێژەی 27% کەمتر بووە. زانکۆ بەریتانیەکە ئاماژە بەوەدەکات کەمترین مەترسی لەو کەسانەدا بەدیکراوە کە راهێنانی راکردن، مەلەکردن و بەرزکردنەوی قوڕساییان پێکەوە ئەنجام داوە. بێڤ ویڵسن، راهێنەرێکی تایبەتی بەرزکردنەوەی قورساییە و دەڵێت " کاتێک راهێنان بە بەشداربووان دەکەم جگە لەوەی وزە و تەندروستییەکی باشتریان لێ بەدیدەکەم، توانای بیرکردنەوە و مێشکیان بەهێزتر دەبێت، دەتوانن لە کارەکانیاندا سەرنجیان زیاتر بێت و یادەوەریان بەهێزتر بێت."