رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریخستووە، کەمخەوی لە قۆناخی منداڵی. ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی لە قۆناخی نەوجەوانیدا دوو هێندە زیاترە.
تیمێکی ئەکادیمی لە زانکۆی بێرمنگهام لە بەریتانیا، پشتیان بە ئاماری زیاتر لە 15 هەزار منداڵ بەستووە، چاودێریی ماوەی خەوی منداڵەکانیان لە تەمەنە جیاوازەکاندا کردووە، لە تەمەنی 6 مانگییەوە تاوەکو 7 ساڵی، دواتر هەمان بەشداربووان لە تەمەنی 12 بۆ 22 ساڵیدا، پرسیاریان لێکراوە دەربارەی نیشانەکانی خەمۆکی، دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی لەنێوان تەمەنی 6 مانگی بۆ 7 ساڵیدا بە شێوەیەکی بەردەوام کەمتر خەوتوون، ئەگەری ئەوەیان دوو هێندە زیاتر بووە کە لە تەمەنی 13 بۆ 22 ساڵیدا ئاستێکی بەرزی نیشانەکانی خەمۆکییان هەبێت.
د. ئیسابێل مۆرالێس مونیۆز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد رایگەیاند: "خەو یەکێکە لەو لایەنانەی ژیانی منداڵ کە دەتوانرێت بەبێ دەستێوەردانی پزیشکی باشتر بکرێت، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کەمخەویی بەردەوام لە منداڵیدا، کۆمەڵێک سوودی دەبێت لەنێویاندا کەمکردنەوەی مەترسییە شاراوەکانی دەرووندروستی."
چۆن خەوی منداڵەکەت باشتر دەکەیت؟
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە خەو "فاکتەرێکی گۆڕاوە" و دەتوانرێت رێکبخرێتەوە. چەند رێگەیەک بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ خەوێکی باشتر بریتین لە:
- هاندانی منداڵ بۆ خەوتن لە کاتێکی دیاریکراو و زووتر.
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شاشەکان (مۆبایل، تابلێت) پێش خەوتن.
- هاندانی منداڵ بۆ ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی لە رۆژدا.
- دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ خەوتن.



