رووداو - تەندروستی
ئێستا لە هیندستان و پاکستان شەپۆلێکی تووندی گەرما هەیە و دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک لەنێو خەڵکی ئەو وڵاتانە بڵاو بووەتەوە کە گوایە ''خواردنی پیاز مەترسییەکانی گەرمابردن کەم دەکاتەوە و خەڵک دەپارێزێت''، بەڵام پزیشکان هۆشداری دەدەنە خەڵک کە ''ئەوە راست نییە''.
پێشکێشکارێکی پاکستانی لە بەرنامەیەکی چێشتلێنان دەڵێت: "باوباپیرانمان دەیانگوت، کاتێک لە گەرمادا دەچیتە دەرەوە، لەکاتی شەپۆلی گەرمادا، پیازێکت پێبێت، چونکە کاتێک پیازێکی بچووکت پێبێت، لە گەرمابردن بەدوور دەبیت''.
تەنانەت لە هیندستان، جیوترادیتیا سیندیا، وەزیری گەیاندن پیازی وەکو چارەسەرێک بۆ گەرمای تووند باس کردووە و گوتویەتی: پیازێک لە گیرفانتدا هەڵبگرە. هیچت لێ نایەت.
''هیچ بەڵگەیەک نییە کە پیاز لە گەرما بتپارێزێت''
د. نەدیم ئوڵڵا خان، پڕۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەیەکی کەراچی لە پاکستان دەڵێت: هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە خواردن یان هەڵگرتنی پیاز رێگری لە گەرمابردن بکات یان پلەی گەرمای ناوەکیی جەستە لەژێر گوشاری گەرمادا کەم بکاتەوە".
ئەو روونی کردەوە، لە کاتێکدا پیاز تایبەتمەندیی دژەهەوکردن و کاریگەرییەکی فێنککەرەوەی سووکی هەیە، بەڵام هەرگیز جێگەی ئەوە ناگرێتەوە کە کەسێک بیخوات و بە بێخەمی خۆی بخاتە بەر گەرما.
نوێنەرێکی نووسینگەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە پاکستان، ئامۆژگارییە بڵاوکراوەکەی بە "ئەفسانە" و "زانیاریی تەندروستیی هەڵە" وەسف کرد و گوتی، ''گەرمابردن حاڵەتێکی فریاگوزاریی مەترسیدارە لەسەر ژیان کە بەهۆی شکستهێنانی جەستە لە رێکخستنی پلەی گەرمیدا روودەدات، ئەمەش جەخت لە پێویستیی خۆپارێزیی پێشوەختە و رێوشوێنی خێرا لە کاتی گەرمای توونددا دەکاتەوە''.
لەو دوو وڵاتە، رێژەی گیانلەدەستان بەهۆی گەرماوە لە ساڵانی 1990ـەوە بە رێژەی 23٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 546 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستان لە ساڵێکدا، زۆرینەی قوربانییانیش سەروو 65 ساڵن.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان، ساڵی رابردوو گەرمبوونی زەوی نزیکەی 1.5 پلە بەرزتر بوو لە ساڵانی پێش سەردەمی پیشەسازی و پێشبینیشدەکرێت لە چوار ساڵی داهاتوودا بەرزتر ببێتەوە. هەر بۆیە تەندروستیی جیهانی مەزندەی ئەوە دەکات؛ تاوەکو ساڵی 2050، ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار ئەورووپی بە گەرما گیان لەدەستبدەن. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 200 هەزار کەس لە ئەورووپادا.
نیشانەکانی گەرمابردن
ئارەقکردنەوە
سەرسووڕان
هێڵنج
رشانەوە
جەڵتەی گەرما
وشکبوونەوەی جەستە
بوورانەوە
گیانلەدەستدان
نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
تۆخبوونی رەنگی میز
خێرا لێدانی دڵ
لاوازی
بێهێزی
سەرسووڕان
سەرئێشە
وشکبوونەوەی پێست
تینوویێتی
وشکبوونەوەی چاو
سستبوونی گورچیلەکان
لەهۆشخۆچوون

.png&w=3840&q=75)

