رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیتاڵیا کراوە و ئاشكرای دەکات، سیستمی خۆراکیی تووشبووانی شێرپەنجەی هێلکەدان دەکرێت یارمەتیدەربێت لە باشترکردنی وەڵامدانەوەی جەستەیی بۆ چارەسەرە کیمیاییەکان.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان ئەوەیە کە چارەسەری کیمیایی بە لاوازی کاری لەسەر دەکات، هەر بۆیە توێژەرانی زانکۆی ۆگۆستینۆ جێمێلی لە ئیتاڵیا کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن بتوانن کاریگەریی چارەسەری کیمیایی لەسەر شێرپەنجەکە باشتر بکەن و بۆیان دەرکەوتووە، رۆژووگرتن ئەم کارە دەکات.
توێژەران کاریگەریی بەڕۆژووبوونیان لەسەر 36 تووشبووی شێرپەنجەی هێلکەدان لە قۆناخی سێیەم و چوارەمی نەخۆشییەکە تاقیکردووەتەوە، ئەمەش لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی و پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لابردنی هێلکەدان بووە.
بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە بۆ دوو گرووپ دابەشکران؛ گرووپی یەکەم لەسەر هەمان سیستمی خۆراکیی ئاسایی خۆیان بەردەوام بوون، لە کاتێکدا بەشداربووانی گرووپی دووەم بۆ ماوەی 36 کاژێر پێش وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی و 24 کاژێر دوای وەرگرتنی چارەسەرەکە بەڕۆژوو بوون.
بەپێی ئەنجامەکان، بەڕۆژووبوون یارمەتیدەرە لە باشترکردنی وەڵامدانەوەی جەستە بۆ چارەسەری کیمیایی و یارمەتیدەریشە لە پەکخستنی پەرەسەندنی شێرپەنجە لە جەستەدا بۆ ماوەی 38 مانگ.
کلاودیا مارکێتی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بەڕۆژووبوون ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا کەم دەکاتەوە، ئەمەش رێگرە لە گەشەکردنی خانەکانی شێرپەنجە، چونکە ئەگەر ئەنسۆلین زیاد دەربدرێت، شێرپەنجە زیاتر گەشە دەکات.
ئەو بەڕۆژووبوونەوەی باس کراوە بەم شێوەیە بووە؛
- نەخۆش بۆی هەیە تاوەکو 350 کالۆری بخوات
- سەوزە و میوەکان ئاساییە بخورێن
- ئاو و شەربەتەکان تاوەکو 2 لیتر ئاساییە بخورێنەوە
- هیچ خۆراکێکی چەور و پڕکالۆری نابێت بخورێت
- هیچ خواردنەوەیەکی وزەبەخش و گازی رێگەپێدراو نییە



