رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی سەلامەتیی تەندروستی رایدەگەیێنێت، مەرجەکانی سەلامەتی لە ناوچە گەشتیارییەکان زۆر لاوازن و پێویستە کۆنتڕۆڵی زیاتریان لەسەر بێت.
شوان کەمال، پسپۆڕی سەلامەتیی تەندروستی دەڵێت: تکایە با حکومەت و دەزگای پەیوەندیدار هەڵبستن بە هەڵسەنگاندنی مەترسی و کۆنتڕۆڵکردنی، بۆ ئەوەی چیدیکە گەشت و خۆشیی هاووڵاتییان نەبێ بەتازیە و خەفەت.
بەگوتەی شوان کەمال، لە ناوچە گەشتیارییە جیهانییەکان دەیان رێکاری سەلامەتی بە یاسا سەپێندراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر فەرامۆش کراوە. هەر بۆیە باسی ئەوەش دەکات کە کۆنتڕۆڵکردنی رێکارەکانی سەلامەتی لە ناوچە گەشتیارییەکان بەتایبەت ناوچە گەشتیارییە ئاوییەکان زۆر ئاسانە.
ئەو دەگێڕێتەوە کە ''لە مانگی رابردوودا دووجار سەردانی ئەحمەد ئاوام کردووە، لەکاتێکدا خەڵک هەمووی بێ ترس لەشوێنی مەترسیدار وێنەیان دەگرت و منداڵیان بێ چاودێری لە قەراخی شوێنەمەترسییەکان دانابوو منیش چەند بۆ چێژ وەرگرتن چووبووم ئەوەندە زیاتریش لەهەموو کوون و قوژبنێکی ئەحمەد ئاوا هەڵسەنگاندنم بۆ ئاستی مەترسییەکانی خنکان و کەوتنەنێوئاو دەکرد، هاووڵاتییان بەداخەوە ئاستی رۆشنبیریی سەلامەتییان زۆر نزمە و دەیان منداڵم دەبینی لەڕێگەی ئەحمەد ئاوا لە پشتی پیکاب یاخود نیوەی گیانیان لەجامی ئۆتۆمبێل دەرهێنابوو، لە ئەحمەد ئاواش دەیان منداڵ و نەوجەوان و تەنانەت گەورەش لەشوێنە مەترسیدارەکان بوون''.
لە کۆتاییدا گوتی: باوەڕتان هەبێت کۆنتڕۆڵکردنی زۆر ئاسانە ئەگەر حکومەت بیەوێت، زۆر دڵنیابن ئەو رووداوەی کچە منداڵە عەرەبەکە کە کەوتە نێو ئاوی ئەحمەدئاوا دوا رووداو نابێت و دەیان رووداوی دیکە بەدوایدا دێت.



