رووداو-تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی لە ئەمریکا (FDA) رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ئینسۆلینێکی هەڵمژراو دا.
دەزگەی خۆراک و دەرمانی لە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانی ئەفرێزا (Afrezza)دا کە سەر بە کۆمپانیای "MannKind"ە بەشێوەی هەڵمژراو بۆ ئەو منداڵانە دا کە تەمەنیان لە 6 ساڵ زیاترە و نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکەم یان دووەمیان هەیە.
بەرهەمەکە لە رێگەی تەکنەلۆجیای 'تێکنۆسفێر'ی (Technosphere) تایبەت بە کۆمپانیاکە کاردەکات؛ گەردیلە زۆر بچووکەکان بڕێکی دیاریکراوی ئینسۆلین هەڵدەگرن و لە ماوەی تەنیا 2 چرکەدا لە رێگەی هەناسەدانەوە دەگەیێندرێنە قووڵایی سییەکان، دوای هەڵمژینی ئینسۆلینەکە بەخێرایی دەتوێتەوە و لە ماوەی نزیکەی 1 خولەکدا دەچێتە ناو خوێنەوە. کاریگەرییەکەی لە ماوەی 35 بۆ 45 خولەکدا دەگاتە لوتکە و لە ماوەی نزیکەی 1.5 بۆ 3 کاژێردا کاریگەرییەکەی نامێنێت، ئەمەش بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە وەڵامی سروشتیی جەستە بۆ ئینسۆلین لە کاتی نانخواردندا بچێت.
د. جەیمی ود گوتی "چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە لە منداڵاندا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبوویەوە، منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان کەمە زۆرجار بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی رۆژانەوە بێزار دەبوون، بە پەسندکردنی ئینسۆلینی هەڵمژراو، بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدایە"


