رووداو - تەندروستی
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، برینی هەڵکەوتن لە سەریدا بووە و زەبرێکی تووند بەر سەری کەوتووە، بێ هۆش بووە و لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانیە خەوێندراوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکەی، گیانی لەدەستدا.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. هەر ئەمڕۆ موهەننەد نەعیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دیوانیە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی برینەکەی کە لە سەریدا بوو، رەوانەی چاودێریی چڕ کرا، دواتر بە ئامادەبوونی پزیشکانی مێشک و دەمار و سینگ لەگەڵ پزیشکانی سڕکەر کاری پێویستی بۆ کرا، بەڵام لەکۆتاییدا گیانی لەدەستدا.
ئەو پەیامنێرێکی چالاک و ئازیز بوو لەلای هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق. بە متمانە و راستگۆییەوە رووماڵی هەواڵەکانی دەکرد.
ئامارەکانی رووداوی هاتووچۆ
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 20 بۆ 50 ملیۆن کەسی دیکەش دووچاری پەککەوتەبوون و ئیفلیجبوونی هەمیشەیی دەبن.
بەپێی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو رووداوانە 1.6% زیادیان کردووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆی پار لە عێراق پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە، بە دوایدا رووداوی لێدان بە ئۆتۆمبێل (شێلان) هاتووە کە سێ هەزار و 811 رووداو بووە؛ پار 964 رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون.
بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی پارەوە، دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان 13.5% کەمیکردووە.


