رووداو-تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 698 منداڵ لەدایکبوون.
بەگوێرەی ئامارەکە، لەو 698 منداڵە، 349یان کوڕ و 349یان کچ بوون، هەروەها 430 منداڵ بە شێوەی سرووشتی و 268 منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون، لەنێو لەدایکبوونەکانیشدا چوار حاڵەتی دووانە هەبوون.
تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی مانگێکدا سێ هەزار و 884 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و هەزار و 48 نەخۆش داخڵ کراون، هاوکات 116 منداڵ لە بەشی نەبەکام (خدج) وەرگیراون و چارەسەریان بۆ کراوە.
تەندروستیی سلێمانی ئاشکرای دەکات هەر لەم مانگەدا، هەزار و 48 پشکنینی تیشک و سۆنار، سێ هەزار و 85 پشکنینی تاقیگەیی و 608 کوتانی دژی سیل (BCG) بۆ منداڵان ئەنجامدراون.
سامان شێخ لەتیف گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "خزمەتکردن نەوەستاوە، لەوانەیە کەموکوڕییەک هەبێت، بەڵام ئێمە لە خزمەتکردنی هاونیشتمانییان بەردەوامین."



