رووداو - تەندروستی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن، ژمارەی ژنان لە ئۆکراینا بەهۆی ئاوارەبوون، کۆچکردن و هۆکارەکانی دیکەی پەیوەست بە جەنگەوە کەمی کردووە، بەشێکی زۆریشیان پێشوەختە منداڵیان دەبێت.
شارەزایان دەڵێن، هۆکارەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە ئاڵۆزن، بەڵام ئەو گوشارە دەروونی و جەستەییە قووڵەی کە جەنگ لەسەر دایکانی دووگیان دروستیدەکات، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوە. سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تەنیا لەدایکبوونی پێشوەختە نییە کە لە ئۆکراینا رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵکو نەشتەرگەریی منداڵبوون و ئاڵۆزییەکانی دیکەش زیادیان کردووە.
بەپێی رێکخراوەکە، رێژەی وەچەخستنەوە لەو وڵاتە ئێستا نزیکەی یەک منداڵە بۆ هەر ژنێک، لەکاتێکدا دەبێت نزیکەی 2 منداڵ بێت.
کارپێنکۆ خانمێکی ئۆکراینییە و تازە منداڵی بووە، دەڵێت "ژیان بەردەوامە، هەمیشە وایە و لەدایکبوون لەکاتی جەنگیشدا روودەدات. منداڵان دەبێت هەم لەکاتی جەنگ و هەمیش لەکاتی ئاشتیدا بێنە دنیاوە''.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەرێمی خێرسۆن و زاپۆریژیای باشووری ئۆکراینا، رێژەی لەدایکبوونی پێشوەختە نزیکەی دوو هێندە بووە، بەشێوەیەک کە لە 5.4٪ لە ساڵی 2019ـەوە بۆ 10٪ لە ساڵی 2025 بەرز بووەتەوە.
د. ئاندری لۆبانۆڤ، سەرۆکی بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی منداڵانی زاپۆریژیا رایگەیاند، لەدایکبوونی پێشوەختە کێشەیەکی سەرەکییە کە رووبەڕووی دەبنەوە. لەدایکبوونی پێشوەختە (وەک کێشەیەک) زاڵە، کە زۆرجار لە ئەنجامی گوشاری دەروونیی ژنانەوەیە.
د. ناتالیا بۆگوسلاڤسکا، سەرۆکی بەشی منداڵانی تازەلەدایکبووی نەخۆشخانەی منداڵبوونی زاپۆریژیا دەڵێت: "بەپێی ئاماری سەنتەرەکەمان، ژمارەی منداڵانی ناكام زیادی کردووە. بەپێی ئامارەکان ئەگەر تاوەکو ساڵی 2022 منداڵبوونی پێشوەختە نزیکەی 10٪ـی لەدایکبوونەکان بووبێت، ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 13٪ و زیاتر بەرزبووەتەوە. بۆیە، نزیکەی هەموو رۆژێک، یان دوو رۆژ جارێک، حاڵەتی لەدایکبوونی پێشوەختە روودەدات''.


.png&w=3840&q=75)
