رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، سەتان کرێکار و جووتیاری نێو کێڵگەکانی بەروبوومە رووەکییەکان تووشی شێرپەنجە بوون. ئەوەشی بۆ ئەو مادە کیمیایی و قڕکەرانە گەڕاندەوە کە بەکاریدەهێنن.
لەنێو بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا د. هیوا نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە ئەگەرییەکان کە دەشێت ئەو کرێکار و جووتیارانەی تووشی شێرپەنجە کردبێت، خراپیی کواڵیتیی دەرمان و قڕکەرەکانە یاخود نەزانینە لە بەکارهێنانیان.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەکرێت مادە قڕکەرەکان بە شێوەیەکی کورتخایەن ببنەهۆی؛
* تووشبوون بە هەستیاری وەکو 'کۆکە، زوورانەوەی قوڕگ و لووت، سووربوونەوە و ئاوسانی چاو و فرمێسک'
* هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە
* سکچوون و رشانەوە
* سەرئێشە و بێهێزی
* لاوازیی بەرگریی جەستە
* بێهۆشبوون
* فێ
بەڵام ژەهراویبوونی درێژخایەن ئەوەیە کەسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرکەوتنی هەبووبێت بە دەرمانە قڕکەرەکان، کە ئەوەش رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییانە:
- تووشبوون بە نیشانەکانی لەبیرچوونەوە
- هەناسەتەنگیی بەردەوام (رەبۆ)
- نەزۆکی
- لاوازیی سێکسی
- خەمۆکی
- ناڕێکیی هۆرمۆنەکان
- شێرپەنجە {شێرپەنجەی خوێن، مەمک، مێشک، گون و لیمفەگرێیەکان}
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە بەراوردی نێوان ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2025دا ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجەی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان 62٪ زیاد بووە؛ بەم شێوەیەی خوارەوە
- لە ساڵی 2020 دا 6293 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار كراون.
- لە 2021 دا بووەتە 7904 تووشبووی نوێ.
- لە 2022 دا بەرزبووەتەوە بۆ 9061 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2023دا ژمارەكە بەرزتر بووەتەوە و گەیشتووەتە 9911 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2024دا بووە بە 9596 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2025دا بووە بە 10245 تووشبووی نوێ.
واتە تەنیا ساڵی رابردوو رۆژانە نزیکەی 30 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون.


.png&w=3840&q=75)
