رووداو-تەندروستی توێژەران رایانگەیاند، زیرەکیی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی جۆرێکی "تەواو نوێ"ی ڤاکسین بەکارهێنراوە کە دەتوانێت مرۆڤ لە کۆمەڵەیەکی بەرفراوانی ڤایرۆسەکان بپارێزێت و رێگری لە پەتا بکات. تیمێک لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا دەڵێن، ئەمە یەکەمجارە پێکهاتەی سەرەکیی ڤاکسینێک بەتەواوی لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە دیزاین بکرێت و دواتر لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە، ڤاکسینەکە بەجۆرێک دروستکراوە کە کاریگەریی لەسەر هەموو جۆرەکانی کۆرۆناڤایرۆس هەبێت، ئەمەش هەموو گۆڕاوەکانی کۆڤید و ئەو ڤایرۆسانەش دەگرێتەوە کە لە ئێستادا تووشی ئاژەڵان دەبن و ئەگەری دروستکردنی پەتای داهاتوویان هەیە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ڤاکسینەکان بە بەکارهێنانی جۆرێکی ئێستای ڤایرۆسێک دیزاین دەکرێن. بەڵام توێژەرانی کامبریج کۆدە بۆماوەییەکانی کۆمەڵێک کۆرۆناڤایرۆسیان وەرگرت و لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە شیکرانەوە، پاشان زیرەکییە دەستکردەکە "سوپەر-ئەنتیجێن"ێکی دیزاین کرد کە دەتوانێت سیستمی بەرگریی جەستە راهێنان پێبکات بۆ دابینکردنی پارێزگاری لە دژی تەواوی خێزانی ڤایرۆسەکە، تەنانەت ئەگەر بگۆڕێن یان ڤایرۆسێکی نوێ لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. تیمەکەی کامبریج لە ئێستاوە توێژینەوە لەسەر ئاژەڵان ئەنجام دەدەن بۆ ڤاکسینی گشتگیری ئەنفلۆنزای وەرزی و ڤاکسینی ئەنفلۆنزای باڵندەی H5N1، هەروەها کار لەسەر ڤاکسینێک بۆ تای خوێنبەربوون.
تەندروستی07-08-2026مانگی تەممووز 99 کەس بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشکەوە براونەتە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر
تەندروستی06-08-2026داهێنانێکی پێشنیازکراوی پسپۆڕێک لە دهۆک؛ لەیزەر و نازوور بەیەکەوە بۆ بەردی گورچیلە بەکاربێن