رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی منداڵی هەستیارە و دەبێت منداڵان بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر منداڵت هەیە، هەرگیز هەندێک قسە هەیە پێی بەڵێ، بۆ نموونە، پێی مەڵێ "شەرمن.
بە منداڵەکەت مەڵێ شەرمن، کاتێک لە کۆبوونەوەیەکی خێزانی گەورەدان و منداڵەکەت خۆی شاردووەتەوە، مەڵێ "منداڵەکەم شەرمنە و گوشاری بۆ دروست مەکە،" چونکە ئەوە وای لێدەکات زیاتر شەرمن بێت و خۆی لە خەڵک بەدوور بگرێت.
"گەورەبوویت ئەوەندە مەگری،" ئەم قسەیە وا لە منداڵەکەت دەکات هەستەکانی بشارێتەوە و تووڕەیی بە گریان دەرنەکات، گریان سرووشتییە و نابێت وا لە منداڵەکەت بکەیت شەرم لە گریان بکات.
منداڵەکەت بەراورد مەکە بە منداڵانی دیکە؛ کاتێک منداڵەکەت نمرەی کەم دەهێنێت نابێت نمرەکانی بەراورد بکەیت بە نمرەی منداڵانی دیکە، چونکە بەراوردکردن وا لە منداڵەکەت دەکات هەست بە کەمی بکات و دوای گەورەبوونیش بەردەوام خۆی بەراورد دەکات بە خەڵکی دیکە.
بە منداڵەکەت مەڵێ "کە گەورە بوویت حەزدەکەیت ببیت بە چی؟" ئەم پرسیارە وا لە منداڵەکەت دەکات بیر لە کارێک بکاتەوە کە لۆجیکی بێت و لە کۆمەڵگەدا هەبێت، ئەمەش خەیاڵی منداڵەکە ناهێڵێت، لەجێی ئەوە لە منداڵەکەت بپرسە "حەز دەکەیت چ کێشەیەک چارەسەر بکەیت؟"
دایک و باوک بەردەوام خەمیانە شتێک بەسەر منداڵەکانیان بێت، بۆیە لەوانەیە زوو زوو بە منداڵەکەت بڵێیت "وریابە" یان "ئاگات لە خۆت بێت،" ئەمە وادەکات ترس لە دڵی منداڵەکەتدا دروستببێت و چیدیکە نەوێرێت هەموو شتێک تاقیبکاتەوە، واز لە منداڵەکەت بهێنە خۆی بکەوێت و هەستێتەوە، ئەوە فێری دەکات کە لە هەندێک شت دووربکەوێتەوە بەبێ چاندنی ترس لە مێشکیدا.
هەرگیز درۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا مەکە، کاتێک منداڵەکەت دەبەیت بۆئەوەی ددانی دەربهێندرێت یان دەرزییەکی لێبدرێت، پێی مەڵێ "ئازاری نییە و هەستی پێناکەیت،" چونکە ئەمە وا لە منداڵەکەت دەکات جاری داهاتوو متمانە بە قسەکانت نەکات و خۆیشی درۆکردن دووبارە بکاتەوە لە کاتی دیکەدا.



