رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی تایبەت بە دیاریکرنی نرخی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو پێداویستی و توانا پزیشکییەی ئێستا لەبەردەستە بەشی سێ هێندەی تووشبووانی ئێستا دەکات، تاوەکو ئێستاش هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا نەچووتە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارێزگای سلێمانی هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پلانی ستراتیژی خۆی دانا بۆ پێشوازیکرن لە تووشبووانی کۆرۆنا، بەردەوام پلانی پێشوەختیشمان هەبووە بۆ ئەگەری زیاتربوونی تووشبووانی کۆرۆنا تاوەکو بتوانین جێگەیان بۆ دابین بکەین. دەشڵێت، "کەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی بەجۆرێک کاریکردووە کە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا پێویستی بەوە نەبووە پەنا بباتە بەر نەخۆشخانە تایبەتەکان."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە ژێر چاودێری نەخۆشخانە تایبەتەکان نییە چونکە ئەو خزمەتگوزاریی و چارەسەرانەی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەکارهێندراون بە گوێرەی پرۆتۆکۆڵەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بووە، دەشڵێت، "چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا پرسێکی هەستیارە ناکرێت کەرتی تایبەت دەستی بۆ بەرێ یاخود مامەڵەی پێوە بکات. لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا چارەسەرکردنی کۆرۆنا نەکراوە بە پارە و نەدراوە بە کەرتی تایبەت."
بەگوتەی هێرش سەیدە سەلیم، بڕیاری دیاریکردنی نرخی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ ئەوەیە کەرتی تایبەت دەستکراوە بکرێت تاوەکو خەڵکی بڕوتێننەوە، دەشڵێت، "لە نەخۆشخانەی وا هەیە بە 10 هەزار دۆلار خەوێندراوە بۆ چارەسەرکردنی یەک تووشبووی کۆرۆنا."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، "ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و بە تایبەتکردنی چارەسەرکردنی کۆرۆنا بەتەواوەتی رەتدەکەینەوە، چونکە ئەو خزمەتگوزارییانەی ئێستا لە پارێزگای سلێمانی لەبەردەستە بەشی سێ هێندەی تووشبووانی کۆرۆنا دەکات ئەگەر ژمارەیان زیاتریش بێت، بۆیە حکومەت دەتوانێت نەخۆشخانەی زیاتر دابینبکات بۆ تووشبووانی کۆرۆنا نەوەک ئاڵای سپی بۆ کەرتی تایبەت هەڵبکات."
تەنیا لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئێستا 9 هەزار و 505 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 5 هەزار و 721 کەس چاکبوونەتەوە و 461 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئێستا 3 هەزار و 323 کەس ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.


