رووداو - سلێمانی
وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكات، پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت داوایان كردووە لەم وەرزەی یاساداناندا كار بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز بكرێت، بەڵام لە ناو هەندێك لە كوتلە عێراقییەكاندا ئەو داوایە بە هەند وەرناگیرێت.
بەختیار شاوێس، ئەندانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی هەوڵەكانی ساڵانی رابردوو دەكات بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە "ئەوان پرۆژە یاسایەكیان هێنا و ئێمە پەسەندمان نەكرد، ئێمەش پرۆژە یاسامان هەبوو، ئەوان دژی بوون، دەبێت پرۆژە یاسایەك بێت هەردوولا پێی رازی بین".
ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوت بوو لە كابینەكەی نووری مالیكیدا.
بایەزید حەسەن، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەوكات، باسی وردەكاریی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە و دەڵێ: "حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا گەیشتبوونە رێككەوتن، بەڵام وەزارەتی ئەوكاتی نەوت كە بەدەست حوسێن شەهرستانییەوە بوو، بە پشتیوانی مالیكی پرۆژە یاساكەی بە چوار هاوپێچی زیادكراوەوە نارد بۆ پەرلەمان و پوختەی تێبینییە زیادكراوەكانیش بریتی بوو لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت".
بە گوتەی بایەزید حەسەن، لە هاوپێچەكاندا "25 بۆ 27 بیرە نەوت و 65 بلۆكی نەوتی دەستنیشانكرابوون كە حكومەتی عێراق دەیویست تەنیا خۆی مامەڵەیان لەگەڵ بكات. هەروەها باسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی نەوت و غاز كرابوو كە تەنیا یەك نوێنەری كوردی تێدابوو، ئەوەش بەلای كوردەوە مایەی قبووڵ نەبوو".
ئێستا سێ پڕۆژە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقن، یەكەم لە ساڵی 2007 پێشكەش كرا، بەڵام لەبەر نەبوونی تەوافوقی سیاسی بە هەڵواسراوی مایەوە، پڕۆژەی دووەم لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. پڕۆژەی سێیەمیش لەساڵی 2012 لەلایەن لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانەوە پێشكەش كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) هەندێك لە پەرلەمانتارە شیعەكان، بیر لەوە دەكەنەوە جارێكی دیكە و لەم وەرزەی یاساداناندا، پرۆژەكە بە چوار هاوپێچەكەی شەهرستانییەوە بهێننەوە پەرلەمان.
بایەزید حەسەن دەڵێت: "پرۆژەكە بەبێ هاوپێچەكانی وەزارەتی نەوتیش هێشتا جێی رەزامەندی كورد نەبوو، بەڵام باشتر بوو لەوەی كە شەهرستانی دەیویست، چونكە بە پشتبەستن بە ماددەی 112 ی دەستوور هەندێك دەسەڵاتی دابوو بە حكومەتی هەرێمی كوردستان ".
ماددەی 112ی دەستووری عێراق تایبەتە بە دیاریكردنی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بۆ دانانی سیاسەتی نەوت و گەشەپێدانی ئەو كەرتە، بەڵام هەولێر و بەغدا لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ ئەو ماددەیەی دەستوور هەیە.
عەلی بەلۆ، راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، دەڵێ كێشەی كورد ئەوەیە هەموو پرۆژە یاساكانی تایبەت بە نەوت و غاز بە "عەقڵییەتی مەركەزی" ئامادە دەكرێن. بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی ساڵی 2007 كە دەستكاری كرابوو "تەنانەت بیرە نەوتی شیواشۆكیش دەبوو لە ژێر دەسەڵاتی بەغدا بێت. چونكە بەغدا لە یاسای نەوت و غازدا دەیەوێت هەموو ئەو بیرە نەوتانەی دوای رووخانی سەددام هەڵیكەندوون، لە ژێر ركێفی خۆی بن، ئەوانەشی لە دوای دەرچوونی یاساكە لێدەدرێن هاوبەش بن".
عەلی بەلۆ گوتی: "لە خولی دووەمی پەرلەماندا عەدنان جەنابی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز پرۆژە یاسایەكی دیكەی ئامادە كرد و باشتر بوو، بەڵام كوتلەی مالیكی رەتیانكردەوە".
قاسم محەممەد، بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشتر رایگەیاندبوو، لە گفتوگۆی چەند رۆژی رابردووی نێوان سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەراندا كە نوێنەری دوو فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانن، هەردوولا رازی بوون لەسەر ئەوەی رەشنووسی ساڵی 2007 ببێتە بنەما بۆ گفتوگۆ، ئێمەش وەكو كورد رەشنووسی 2007 بە گونجاو دەزانین.



