رووداو - هەولێر
دوای بەرنامەیەکی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، شارەوانی بەحرکە دەستیکرد بە دانانی نەخشە و پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بۆ چوار هەزار پێشمەرگە کە چەندین ساڵ بوو چاوەڕوانی تاپۆکردنی زەوییەکانیان دەکرد.
شێرزاد یەکێکە لەو پێشمەرگانە لە کەرتی 48 بەحرکە زەوی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی تاپۆ و جیانەکردنەوەی زەوییەکەی لەلایەن شارەوانییەوە نەی دەزانی زەوییەکەی دەکەوێتە کوێ تاوەکو خانوونی لەسەر دروستبکات.
شارەوانی هەولێریش لیژنەیەکی بۆ تاپۆکردن و جیاکردنەوەی زەوییەکان پێکهێناوە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو زەوی پێشمەرگەکان لە بەحرکە تاپۆبکرێن.
شارەوانی بەحرکەش دەستیکردووە بە جیاکردنەوە و دانانی نەخشەی زیاتر لە چوار هەزار پارچە، ئێستا کاری تیمەکانی شارەوانی گەیشتووەتە کۆتایی و خاوەن زەوییەکان لەمەودوا دەتوانن داوای رێگەپێدان بکەن بۆ دروستکردنی خانوو، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆتە کێشەیەکی دیکە بۆ ئاوەدانە نەکردنەوەی زەوییەکانیان.
خاوەن زەوییەکانیش داوادەکەن بۆئەوەی ببن بە خاوەنی خانووی خۆیان خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ کەرتی 48ـی بەحرکە دابینبکرێت.
جێبەجێکردنی پرۆژەکانی رێگەوبان، کارەبا، ئاو ئاوەڕۆ پێویستی بە زیاتر لە 20 ملیار دینار هەیە و تاوەکو ئێستا بە گوژمەی شەش ملیار دینار دەرخستە بۆ دروستکردنی رێگەوبان کراوە.