رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشە نوێیەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە وای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد فەرمان بە بەشێک لە دیپلۆماتکاران و کەسوکاریان بکات نوێنەرایەتییەکانی واشنتن لەو شانشینە بەجێبهێڵن.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.29 دۆلار یان بە رێژەی 1.2% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 110.11 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 97 سەنت یان بە رێژەی 1% بەرزبووەوە بۆ 98.12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەرپرسانی ئەمریکاش بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پلانی هەیە کەسوکاری دیپلۆماتکارانی لە چەندین نوێنەرایەتیی دیکەی ناوچەکەش بکشێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، حووسییەکانی یەمەن چەندین ئامانجیان پێکا بە جۆرێک لە هێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لانیکەم کەسێک کوژرا و هەشتی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر کێڵگەیەکی نەوتی سعودیە دوو کەس کوژران.
هاوکات، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری (سیریک) لە باشووری ئێران بیستراوە، بێ ئەوەی هۆکار و شوێنی تەقینەوەکان ئاشکرا بێت.
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند تاران لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە هەمان کاتدا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی واشنتن ناتوانێت لە کاتێکدا گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران و هەڕەشەی لێدەکات، چاوەڕوانی دانوستاندن بێت.
داتاکانی کۆمپانیای کێپلەریش دەریانخستووە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لانیکەم 18 هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکان. هاوکات، شرۆڤەکارانی سەر بە گرووپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) هۆشدارییان دا کە هێرشەکانی ئێران گەیشتوونەتە نێو دەریای عومان و هەڕەشە لە هەناردەی نەوتی کەنداو و پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە دەکەن.



.png&w=3840&q=75)