رووداو دیجیتاڵ دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە، کە شادەمارێکی سەرەکیی ئابووریی نێوان عێراق و ئێرانە، رۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پارێزگاکانی باشووری عێراق دەگێڕێت، بەڵام ئەم دەروازەیە بەردەوام لەژێر کاریگەریی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکاندایە و بە بچووکترین جووڵەیان مەترسیی داخستنی لەسەرە. دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە لەنێوان عێراق و ئێران، وەک دەرچەیەکی ژیان بۆ دانیشتووانی بەسرە و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دادەنرێت، کە رۆژانە هەزاران تۆن سەوزە و میوە، خۆراک و کەرەستەی بیناسازی لێوە هاوردە دەکرێت. حەیدەر عەبدولسەمەد، جێگری بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە، بە رووداوی رایگەیاند، "جووڵەی بازرگانی زۆر ئاساییە و کاری لەپێشینەمان کارئاسانیکردنە بۆ پێداویستییە خۆراکییەکان." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ناڕەزایی بازرگانان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سەوزە و میوە، سەرۆکوەزیران رەزامەندیی نیشاندا بۆ هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە ماوەیەکی زۆر بوو لە کۆگاکانی دەروازەکەدا مابوونەوە. لەلایەکی دیکەوە، هەڕەشە و سزاکانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە چوونی دۆلار بۆ ئێران، وایکردووە بەغدا رێکارەکانی لەم دەروازەیەدا تووندتر بکات. عەبدولسەلام زەینەلعابدین، گەشتیارێکی ئێرانییە و بە رووداوی گوت، "هەندێجار رێکارەکان توند دەکەنەوە، بەتایبەت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بڕێکی کەم پێداویستیی رۆژانە یان دەرمان دەکڕن، چونکە ئێستا لە ئێران دەرمان نییە." بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم دەروازەیە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار بووە و رۆژانە نزیکەی 12 هەزار کەس هاتوچۆی پێدا دەکەن و زیاتر لە 400 بارهەڵگر کاڵا و خۆراک دەگوازنەوە.
ئابووری21-10-2026محەممەد شوکری: دابەزاندنی بەهای دینار و هەڵگرتنی پاڵپشتیی عێراق، کەرتی خانووبەرەی وەستاندووە