رووداو دیجیتاڵ
ڕۆژی چوارشەممە لە دەستپێکی مامەڵە داراییەکاندا، گرێبەستە دواخراوەکانی پشکەکانی ئەمریکا ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران و بازرگانان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی نوێترین راپۆرتەکانی داهاتی وەرزیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانن.
بەپێی دوایین ئامارەکانی بازاڕی سەرمایە، گرێبەستە دواخراوەکانی پێنوێنی ئێس ئەند پی 500 (S&P 500) بە رێژەی 0.29% و گرێبەستەکانی پێنوێنی ناسداک-100 بە رێژەی 0.7% بەرزبوونەوە؛ هاوکات پێنوێنی داو جۆنز لە ئاستێکی جێگیردا مایەوە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات.
لە ئاسیاش شەپۆلی بەرزبوونەوە بەشێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی گرتەوە؛ بەجۆرێک پێنوێنی کۆسپی (Kospi)ـی کۆریای باشوور بە رێژەی 2.7% هەڵکشا و بەوەش قەرەبووی زیانەکانی رۆژی پێشووی کردەوە. لە هەمان کاتدا پێنوێنی نیکەی 225ـی ژاپۆن 0.8% بەرزبووەوە. لە بەرامبەردا، پێنوێنی هانگ سێنگ لە بۆرسەی هۆنگ کۆنگ بە رێژەی 0.35% دابەزی؛ بازاڕەکانی نێوخۆی چین بە جێگیری مانەوە و پێنوێنی (S&P/ASX 200)ـی ئوسترالیاش جووڵەیەکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی.
کاریگەریی پڕۆژەکانی ئیلۆن مەسک لەسەر بازاڕ
پشکەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX) بە ڕێژەی 8% بازدانیان تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکە رایگەیاند، داهاتی لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا بە رێژەی 161% زیادی کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئیلۆن مەسک ئاشکرای کرد کە هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە تاوەکو تاوتوێی پرسی یەکگرتنی نێوانیان بکەن؛ ئەم هەواڵەش دەستبەجێ رەنگدانەوەی هەبوو، بووە هۆی بەرزبوونەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا بە رێژەی 1%.
لە مامەڵەکانی رۆژی رابردووشدا، پێنوێنی داو جۆنزی پیشەسازی نزیکەی 530 خاڵ (بە رێژەی 1%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو، ئەوەش لەژێر کاریگەریی هەڵکشانی زیاتر لە 5%ـی پشکەکانی کۆمپانیای (3M) هات کاتێک پێشبینییەکانی خۆی بۆ قازانجی ساڵانە بەرزکردەوە.
لە هەمان کاتدا پێنوێنی ئێس ئەند پی 500 بە ڕێژەی 0.3% بەرزبووەوە، بەڵام پێنوێنی ناسداک کەمێک پاشەکشەی کردبوو.
نرخی نەوت و پێشبینیی شارەزایان
لە کەرتی وزەدا نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد؛ گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە رێژەی 1.8% و نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی 0.7% دابەزین.
سەبارەت بە ئاسۆی بازاڕەکە، کریستیان مۆلەر- گلیسمان، بەرپرسی دابەشکردنی سەرمایە لە بەشی توێژینەوەی بانکی گۆڵدمان ساکس ڕایگەیاند: "لە کورتخایەندا رەنگە ناجێگیریی زیاتر لە بازاڕدا دروست ببێت، بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی سێکتەری ژیریی دەستکرد، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵبژاردنە نیوەکارییەکانەوە."
ناوبراو لە یاداشتێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەشدا، پێمان وایە داهاتی باشی کۆمپانیاکان لەم وەرزەدا دەتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پاڵپشتییەکی بەهێز بە بازاڕی پشکەکان ببەخشێت."


.png&w=3840&q=75)
